١. ئەوەی پێی دەوترێت یەکێتی زانایانی ئۆفيسەکەی ئەمير تەميم (الاتحاد العالمي لعلماء المسلمين)، بە ڕێکخراوێکی تيرۆريستی دادەنرێت لە سعودييە (سەرزەمينی ئيسلام) و ميسر (وڵاتەکەی ئەزهەر) و ئيماڕات و بەحرێن. هەر بۆیە ليژنەی فەتوای ميسر بە توندی وەڵامی فەتواکەیان دایەوە و بە هەوڵدان بۆ فەوزا و تێکدانی سەقامگيری وڵاتان وەسفکرا. تەنانەت ليژنەی فەتوای ميسر بە شایستەیان نەزانيووە ناوی ڕێکخراوەکە بهێنن. هەر خێرا ئەردۆگان لە ڕێگەی هاکان فيدانەوە وەڵامی دایەوە کە ئامادە نين نەک جيهاد دژی ئيسرائيل بکەن، بەڵکو تەنانەت نايانەوێت بەریەککەوتنيان هەبێت لەگەڵيان.
٢. ئەم یەکێتی و ڕێکخراوەیە بەشێکە لە ئيخوانی نێودەوڵەتی، زیاتر بۆ دژایەتی سعودييە و ئيماڕات و ميسری سەردەمی سيسی کار دەکات. بەرپرسی ئاينييە لە ئۆفيسی ئەمير تەميم، بوقێکی ئەردۆگانە، هەندێک کاتيش لە بەرەی ئێرانە. بەڵام بە پێی بارودۆخی پەيوەندی قەتەر و بەرەی ئێران. بۆ نموونە لە سووريا زیاتر دژی ئێران بوو، چونکە قەتەر لەوێ پشتگيری تيرۆری سووننەی دەکرد. لە لوبنان لەگەڵ حيزبوڵان، لە سووريا دژی بوون. ئەوەی ورد ئاگاداری دۆخەکە بێت، دەزانێت ڕێکخراوەکە بە تەواوی بەشێکە لە سياسەتی قەتەر، نەک تورکيا و ئێران.
٣. ئەگەر ورد ببينەوە لە فەتواکەیان بۆ جيهادکردن دژی ئيسرائيل، تێڕوانينی قەتەر-ئيخوان بە ڕوونی دەردەکەوێت. بۆ نموونە دەڵێت ئەرکی جيهاد دژی ئيسرائيل یەکەمجار ئەرکی فەڵەستينييەکانە، واتە دەسەڵاتی فەڵەستينی و کەناری خۆرئاوا. پاشان دەوڵەتانی دراوسێ لەوێدا ئاماژە بە ميسر و ئوردن و لوبنان کراوە (ناوی سوريا نەهاتووە کە ئەويش دراوسێيە!)، پاشان وڵاتانی ئيسلامی و عەرەبی. ئيخوان و حەماس و قەتەر هەموو هەوڵێک دەدەن کەناری خۆرئاوا و دەسەڵاتی فەڵەستينی وەک غەززە و حەماس وێران بکەن. هاوکات ميسر و ئوردن تێوەبگلێنن بەو جەنگەوە، بۆ ئەوەی وێران بن و پاشان ئيخوانەکان دەسەڵات بگرنە دەست و ئينجا لەگەڵ ئيسرائيل ڕێکبکەون، چەندين جار ئەم ڕێککەوتنە ڕوويداوە. ئاماژە بە سوريا نەکراوە وەک دەوڵەتی دراوسێ، چونکە نايانەوێت جۆلانی بکووژرێت. ئەگەر پاساويان ئەوەیە گوایە سووريا لەم کاتەدا توانای شەڕ و جيهادی نييە، کەواتە دەسەڵاتی فەڵەستينی کە زۆر لە سووريای ئێستا لاوازتر و نا ئامادەترە، بۆچی ئەرکی یەکەمی پێدراوە لە جيهاد؟ پاشان کە دەڵێن هەموو وڵاتانی مسوڵمان و عەرەب، واتە سوودان و سۆماڵ و ليبيا و یەمەنيش، ئەمانە لە سوريا لاوازتر و وێرانترن. ناوی سوريا نەهێنراوە چونکە تورکيا لەوێيە، کەواتە ئێستا تورکياش دراوسێی ئيسرائيلە.
٤. لە بەياننامەکەدا نا ڕاستەوخۆ پاساوێک بۆ تورکيا و قەتەر ئێران و سووريا هەیە کە جيهاد نەکەن، چونکە سەرەتا ئەرکی جيهادەکە خراوەتە سەر شانی دەسەڵاتی فەڵەستينی و پاشان ميسر و ئوردن و لوبنان، واتە با جارێ ئەوان جيهاد دەستپێبکەن ئەو کات قسەیەک دەکەين لەسەر تورکيا و قەتەر و ئێران و سووريا.
٥. ئەوەی مێشک و ئەخلاق و تێڕوانينی سياسی و واقع بينی هەبێت، دەزانێت لە جيهانی ئيسلامی ٥ سوپا توانای جەنگيان هەیە: ميسر و تورکيا و ئێران و پاکستان و سعودييە. کاتێک ئەم پێنج سوپایە شەڕی ئيسرائيل نەکەن، کەواتە داواکردن لە یەکێکيان یا دووانيان، یاخود داواکردن لە ئوردن و لوبنان و دەسەڵاتی فەڵەستينی، یان لە خەڵکی مسوڵمان بە گشتی، یان لە دراوسیکانی ئيسرائيل بە بێ ناوهێنانی سووڕيا... تەنيا پڕوپاگەندە و چەواشەکارييەکی ئيخوانی قەتەریيە.
٦. قەتەر ناوەندی سەرەکی سوپای ئەمريکایە بۆ چالاکیيە سەربازی و هەواڵگرييەکانی لە ناوچەکەدا، ناوەندی هاوکاری لۆجيستی و هەواڵگری و ناردنی چەک و پاراستنی ئيسرائيلە لە لایەن ئەمريکاوە. کاتێک بەياننامەکە باسی جيهادکردن دەکات دژی ئيسرائيل و ئەوانەی هاوکاری دەکەن لە شەڕی غەززە، بێ ئاماژەکردن بەم بابەتە، کەواتە مەبەستەکە چەواشەکاری و تێکدانی سەقامگيری ئەو وڵاتانەیە کە دژی قەتەر و بەرەی ئيخوان و ئەردۆگان و ئێرانن.
٧. زۆربەی وزە و ئاسن کە ئيسرائيل چەکی پێ درووست دەکات لە بەندەرەکانی تورکياوە هەناردەی ئيسرائيل دەکرا لە کاتی شەڕی غەززە. لە کاتێکدا ئەردۆگان وەک سوڵتانی مسوڵمانانە لای ئەم ڕێکخراوەیە، دەبوو بە ڕوونی ئەو گلەییە لە سوڵتانەکەیان بکەن، پێش ئەوەی داوا لە ميسر و ئوردن بکەن جيهاد ڕابگەيەنن. ئيسرائيل بە ئاشکرا ئەو شوێنانەی وێران کرد لە سووريا کە تورکيا بە نياز بوو بيکاتە سەربازگە بۆ سوپاکەی خۆی، ئایا ئەمە پاساو و دەرەفەتێکی گونجاو نەبوو ئەردۆگان جيهاد ڕابگەيەنێت؟ بەڵام نەک ئەوەی نەکرد، بەڵکو داوای کرد بەریەککەوتن درووست نەبێت لەگەڵ ئيسرائيل.
٨. یەکێک لە ئاماژە ترسناکەکانی بەياننامەکە ئەوە بوو بە ناوی کوردێکەوە بڵاوکرایەوە. هەر چەند ڕێکخراوەکە قەتەرييە و بە تەواوی نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە دەکات. عەلی قەرەداغی، پێموابێت ڕەگەزنامەی قەتەريشی هەیە، بەڵام هەمووان دەزانن ئەو کەسە کوردە. پێويست بوو حکومەتی هەرێم سکاڵای لەسەر تۆمار بکات لە دادگاکانی هەرێم، چونکە هاووڵاتييەکی هەرێم ئاشکرا بانگەشە بۆ تيرۆر دەکات و خەڵک هاندەدات بۆ کاری تيرۆريستی. جيهاد واتە بە کووشتدانی خۆت و کووشتنی ئەوانی تر لە پێناو خوا، ئەمە بەرزترين ئاستی تيرۆرە، جگە لەوەی بەرزترين ئاستی سووکایەتييە بە خوا و مرۆڤ و دين و بەها ئەخلاقييەکان. خودی عەلی قەرەداغی کەسێکی هێمن و ميانڕەوە، لێرەدا باس لە کەسایەتی خۆی ناکەم، باس لە پلە و پۆست و هەڵوێستەکەی دەکەم.
٩. هيچ سەرۆک و پاشا و دەوڵەتێکی مسوڵمان پێشوازی لە فەتواکە نەکرد. جگە لەوەی ميسر و سعودييە بە تەواوی دژين. بێ گومان ئێستا مەقلوبە خۆرەکانی باشوور دەڵێن ئەزهەر و ليژنەی فەتوای ميسر و سعودييە، زانا ئاينييەکانی مەککە و مەدينە... هەر هەموویان زايۆنی و مۆسادن و پشتگيری تاغوت دەکەن و لە ئيسلام تێنەگەيشتوون، تەنيا ليژنەی فەتوای بنکەی سەربازیی (العديد)ی ئەمريکی بە درووستی لە ئيسلام تێگەيشتووە!
١٠. وڵاتانی وەک ميسر و سعودييە ئەو ڕێکخراوەیە بە تيرۆريست دادەنێن و دان بە فەتواکانی نانێن. کەواتە قەتەر و تورکيا و ئێران و ئيخوان کە فەتواکە بە درووست دەزانن با بفەرموون بۆ جيهاد. نزيکەی دوو ساڵە حەماس لە ڕێگەی مەحەمەد زەيفی تيرۆريست و سنوار و هەنيەیی تيرۆريستەوە داوایان دەکرد و دەپاڕانەوە کە مسوڵمانان جيهاد بکەن، ئەوە فەتوای شەرعیی ئيخوانييەکانيش بۆ جيهاد بڵاوکرایەوە. مەقلوبە خۆرەکان چاوەڕێی چين؟ گروپی گەشتياری و ڤيزا؟ بەڵام مەقلوبە خۆرەکانی باشوور و ئيخوانەکانی ناوچەکە دەڵێن غەززە و حەماس پێويستی بە موجاهيد نييە، بەڵکو پێويستی بە پشتگيری فەيس بوک و بايکۆتی کۆلا هەیە، لە کاتێکدا حەماس خۆی دەيان جار وتویەتی فريامان بکەون و پێويستمان بە موجاهيد و چەک هەیە.
١١. پێويستە کورد خۆی بە دووربگرێت لەو بابەتە. ئەگەر عاقل بين دەبێت لە بەرەی ئيسرائيل بين، بەرەی بەهێز و براوە، کە بەرەی مەککە و مەدينەشە. ئەگەر ئەوەش ناکەين، پێويستە دژایەتی ئيسرائيل نەکەين. چونکە ئەگەر ٢ مليار مسوڵمان و ٥٦ دەوڵەتی مسوڵمان بە دەيان سوپای بەهێزەوە، کە خاوەنی ئەتۆمی و دووەم هێزی ناتۆی تيایە، خاوەن گرنگترين ڕێگاکانی بازرگانی و بەشێکی گەورەی وزەی جيهانين... نەتوانن یان نەيانەوێت شەڕی ئيسرائيل بکەن، بە کوردێکی بێ دەوڵەتەوە تەکبيرکردن و خۆتڕاندن تاوان و خيانەتە. ئيسرائيل سەرۆکی ئێران و وەزيری دەرەوەکەی کووشت، ئێران نەوێرا ئاشکرای بکات. هەنيەیی لەناو ژووری خەوتنی خامنەیی کووشت، لە قووڵای ٥٠ مەتر لەژێر زەوی نەسروڵای سووتاند کە بەرپرسی یەکەمی بەرەی مقاوەمە بوو، پێش هاتنی تورکيا بۆ سەربازگەکانی لە سووريا، ئيسرائيل وێرانی کردن و هاکان فيدان وتی نامانەوێت شەقی ئيسرائيل بخۆين... کووشتنی کوردێکی بێ دەوڵەتی بوق، لە ئاو خواردنەوە ئاسانترە بۆ ئيسرائيل.
پێويستە عەلی قەرەداغی و هاوشێوەکانی لە مەقلوبە خۆرەکان دانيشن و حکومەت و خەڵکی کوردستان لەو دوو قەوارە کوردييە لاوازە تووشی سەرئێشە و زیان نەکەن. ئەگەر نا، بچنە ناو سوپاکانی تورکيا و قەتەر و ئێران لەوێوە بەرەو جيهاد ملتان بشکێنن. یاخود داوا لە تورکيا و ئێران بکەن کووشتن و چەوساندنەوەی کورد بوەستێنن و ڕێگە بدەن دەوڵەتێکی کوردی خاوەن سوپا درووست بکرێت، ئەو کات بە ناوی مێگەلە دوو مليارەکەوە جيهاد ڕابگەيەنن.
پێويستە حيزب و ميديا و حکومەت و ڕۆشنبيری کورد بە بەرپرسيارێتييەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێيە بکەن لە ناوچەکە. ئەگەر هەوڵنادرێت سوودێک بۆ کورد بەدەست بهێنرێت لەو دۆخەی ئيسرائيل درووستی کردووە، هەر وەک چۆن تورکيا و سعوودييە (وڵاتەکەی مەککە و مەديينە) بە هۆی ئيسرائيلەوە دەستکەوتی گەورەیان بەدەست هێنا لە ماوەی ساڵی رابوردوو، ئەوا هەڵە و تاوانە ئەگەر دۆخەکە بۆ زیانی کورد بەکاربێت. شەڕکردن لەگەڵ ئيسرائيل واتە خۆکووژی، دژایەتی ئيسرائيل واتە شکست و گەمژێتی. نەتانياهۆ و سەرۆک ئەرکان و وەزيری بەرگری ئيسرائيل، چەندين جار بە ئاشکرا و ڕوونی و ڕاستگۆیانە وتویانە لە هەر کوێ دژایەتيمان بکرێت، دەستە درێژەکانمان پێی دەگات و دەکووژين. کورد ئەگەر دەستی هاوڕێتی درێژ ناکات، با دەستی دژایەتيش درێژ نەکات چونکە لە بنەوە دەيبڕنەوە. مەقلوبە خۆرەکان با لە هاوڕێکانيان لە حەماس و حيزبوڵا و پاسداران و ئەسەد بپرسن ئەو دەست بڕينەوەیە چۆنە! مەقلوبە خۆر تۆ لە باوەش چوار ژنەوە شەڕی مۆسادت پێ ناکرێت، دانيشە و هەموومان تووشی کێشە مەکە.