دواین هەواڵ

بێ ئاگایی ئيسلامييەکان لە دۆخی فەڵەستين و غەززە

‌رەنج نەوزاد

پێش 1 هەفتە

چەند ڕۆژێک پێش ئیستا پۆستێکم کرد سەبارەت بەوەی لە غەززە کەسوکاری کووژراو پێويستە دەوروبەری ١٦٠ دۆلار بدات بە ئەوقاف و بازرگان و چەتەکانی حەماسی تيرۆريست بۆ دابينکردنی یەک قەبر. بۆ ئەوەش پۆستی هاووڵاتييەکی غەززە و ئەفسەرێکی ئاسايشی غەززەم وەک سەرچاوەی هەواڵەکە دانابوو.

ئيسلامييەک لە کۆمێنت بۆی نووسيم گوایە من هەڵەم. چۆن؟ جەنابی چووەتە ئەکاونتی ئەو ئەفسەرەی غەززە، لە شوێنی کاردکردن نووسراوە "وەزارەتی ناوخۆی فەڵەستين"، کاکی ئيسلامی پێی وایە ئەوە وەزارەتی ناوخۆی دەسەڵاتی فەڵەستينييە و سەر بە مەحمود عەباسە، دژی حەماسن (کەواتە هەرچی بڵێن درۆ و تۆمەتە). گريمان ڕاستە. بەڵام نەگبەتی ئەوەیە، ئەو بەڕێزە نازانێت زۆربەی وەزارەتەکانی فەڵەستين، بە هەمان ناو، لە غەززەش هەن و حەماس بەڕێوەی دەبات. بۆ نموونە دوو وەزارەتی ناوخۆی فەڵەستين هەیە، دانەیەکی لە کەناری خۆرئاوا، دەسەڵاتی فەڵەستينی بەڕێوەی دەبات، دانەیەکی لە غەززەیە هی حەماسە. کاتێک دەوترێت فەڵەستين بووەتە دوو بەش لەبەر ململانێی فەتح و حەماس، بێ گومان وەزارەت و دەزگاکانی فەڵەستينيش بوونەتە دوو بەش، چونکە دوو حکومەت هەیە، حکومەتی ڕامەڵا و حکومەتی غەززە. واتە پۆستەکەی ئەو ئەفسەرەی غەززە کە من کردوومەتە بەڵگە، چەکدار و ئاسايشی ژێر دەسەڵاتی خودی حەماسە، بەڵام لای کاکی ئيسلامی بووەتە چەکدار و ئاسايشی حکومەتەکەی مەحمود عەباس!

ئەم نەزانین و بێ ئاگاییە ئاساییە، بەڵام کاتێک ئاسایی نييە کەسەکە خۆی بە بەرگريکاری دۆزی فەڵەستين بزانێت و پێی وابێت حەماس جيهاد دەکات و، خەڵکی غەززە هانبدات بۆ بەردەواميدان بەو خۆکووژييە. کاتێک ئاسایی نييە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات و منيش بە هەڵە بزانێت! لە کاتێکدا نازانێت وەزارەتی ناوخۆی فەڵەستينی و وەزارەتی تەندروستی فەڵەستينی... هەر هەمووی لە غەززەش هەن و لە لایەن حەماسەوە بەڕێوە دەبرێن (تەنانەت هەندێک کات هەر دەسەڵاتی فەڵەستينيش موچە و بودجەیان بۆ دابين دەکات). بۆ کوردێک کە ئەزموونی زۆنی سەوز و زەرد و دوو حکومەتی و دوو ئيدارەیی و دوو هێزی چەکدارمان... هەیە، دەبوو زۆر ئاسانتر لە دۆخەکەی فەڵەستين تێبگات.

ئەمە تەنيا یەک نموونەیە لەسەر نەزانی و بێ ئاگایی ئيسلامييەکان (مەقلوبە خۆرەکان) سەبارەت بە بابەتێکی زۆر سادە و ڕوونی پرسی حەماس و غەززە و فەڵەستين و ئيسرائيل، ئينجا دەبێت لەسەر وردەکارييە یاسایی و مێژوویی و سياسييەکانی ئەو پرسە چەن کۆڵەوار و نەزان بن. ئەمە بە حيساب خۆیان بە خاوەنی ئەو دۆزە دەزانن، ئينجا ئاوا بێ ئاگان لێی، دەبێت لەسەر بابەتی تر چەن نەزان بن کە هەميشە قسەشی لەسەر دەکەن. هەموو گوتار و رەفتار و بۆچوون و بەرگريکردنی ئيسلامييەکانی باشوور لە حەماس، لەسەر ئەو بنەمایە خوێندنەوەی بۆ بکەن، ئيتر دەزانن چ هاشوهوش و کەربازارييەکە.

ساڵ و نيوێک زیاترە لەسەر پرسی غەززە پۆست دەکەم، ئەوەی زۆر مایەیی سەرنج و تێڕامانە، ئەو ئاستەیە لە نەزانی و بێ ئاگایی ئيسلامييەکان لە پرسی ئيسرائيل و فەڵەستين و مەسەلەی حەماس و غەززە... لە ماوەی ساڵ و نيوێکدا، یەک ئيسلامی نەهاتووە یەک کۆمێنتی لۆژيکی بنووسێت و هەڵەیەکم بۆ ڕاست بکاتەوە. تۆمەت و جنێو، یاخود زانياری هەڵە دەنووسن. بۆ نموونە ئەم بەڕێزە، کاتێک چووەتە لاپەرەی ئەو ئەفسەرەی غەززە، لە شوێنی کارکردنی نووسراوە لە "وەزارەتی ناوخۆی فەڵەستين" تاقەتی نەبووە کليکێک لەسەر بکات، ئەگەر ئەو کليکەی بکردایە دەيزانی ئەو وەزارەتە لە غەززەیە و ئەو ئەفسەرەش سەر بە دەسەڵاتی حەماسە! یاخود شوێنی ژیانی ئەو ئەفسەرە نووسراوە غەززە، کاکی ئيسلامی لە خۆی نەپرسيووە باشە چۆن لە غەززە دەژێت و کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی دەسەڵاتەکەی مەحمود عەباسە؟ داماوە بە پەلە سکرين شۆتی کردووە و هاتووە لە کۆمێنت بۆ منی داناوە، بە هەموو عەقلێکيەوە وا دەزانێت منيش وەک ئيسلامييەکان هەر خەريکی درۆ و چەواشەکاری و تۆمەت و بازرگانيم بە خوێنی مناڵی غەززە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP