بە گەڕانەوەى بە پاشخانەى مێژوویی هەوڵەکانى جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى لەماوەى سێ دەیەى رابردوو و بەتایبەتى لە ماوەى ساڵانى 2012 تا ئێستاى 2025 ، هەموو ئەمانە ئاماژەن بەو راستییەى کە رابەرایەتى بارزانى و تێکۆشان و خەباتیان بۆ چارەسەرى لۆژیکانە و ئاشتیانەى پرسى کورد تەنها بۆ بەشێکى کوردستان نییە ، بەڵکو ستراتیژ و بیروباوەرى جەنابى سەرۆک بارزانى لە پێناو بەدەیهێنانى مافەرەواکانى نەتەوەیی کوردە لە هەر چوار پارچەى کوردستان .
راستە دواى چەندین ساڵ نکۆڵیکردن لە پرسى کورد و مافەرەواکانى لە قۆناغى ئێستادا ،هەلومەرجێک هاتووەتە ئاراوە کە دەخوازێت گشت هێزە کوردستانییەکان زۆر هوشیارانە و لۆژیکانە و بە یەکدەنگ و یەکهەڵوێست کار لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆک بارزانى ، وەک پەرۆشى و خەمخۆرى و راوێژ وگفتوگۆ لەگەڵ گشت لایەنەکان لە رۆژئاوا و باکوورى کوردستان هەوڵەکانى خستۆتەگەڕ لە پێناو ئەوەى ئەو دەرفەتە مێژووییە ببێتە هەوێنى ئاشتى و چارەسەرى دۆزى کورد .
سەردانى هەر دوو شاندى لایەنەکانى رۆژئاوا و باکوورى کوردستان بۆ هەرێمى کوردستان و دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ جەنابى سەرۆک بارزانى وەک ڕێنیشاندەرى و پارێزەرى مافەرەواکانى گەلى کورد و ئینجا گەیاندنى نامەى عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ سەرۆک بارزانى و دواتر گەراندنەوەى شاندى ئیمرالى بۆ لایی ئۆجالان و هەڵوێست و پەیامەکەى بۆ ئاشتى و دیموکراسیخوازى هەنگاوێکى گرنگ و لۆژیکانەیە لە چوارچێوەى کۆتایهێنان بە شەڕى و ماڵوێرانى و نەهامەتییەکانى گەلى کورد و ئینجا دروستبوونەوەى متمانە و پێکەوەژیان و گەشەسەندنى ناوچەکە لە ڕووى ئابوورى و ئاوەدانى ، هەروەها پشتیوانى نێودەوڵەتیش بۆ ئەو پرسە و کاردانەوەیان لە سەر پەیامە ئاشتیخوازانەکە ، بەدڵنییاییەوە پرسى کورد لە باکوورى کوردستان دەباتە قۆناغێکى نوێىەوە ، لەهەمانکاتیشدا ڕێگەکان خۆش دەکات بۆ کردنەوەى دەرگەى گرتووخانەکان و ئازادکردنى زیندانییە سیاسییەکان و بەتایبەتى ئۆجالان و دەمیرتاش و دەیان کەسایەتى سیاسى تر کە چەندین ساڵە بەهۆى هەڵوێستە نیشتمانى و نەتەوەییەکانیانەوە تووشى ئازار وئەشکەنجەى زۆر بوونەتەوە .
بەدڵنییاییەوە ، پشتیوانى جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى ، گشت هێزولانەیەکانى هەرێمى کوردستان لەو هەلومەجە و پەیامە ئاشیتخوازانەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەر ، هەنگاویی گرنگ دەبێت بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى ئاشتى و لە باکوورى کوردستان ، بەدڵنییاییەوە ، مێژوو گەواهیدەرە کە سەرۆک مسعود بارزانى ، وەک رابەرێکى کارێزماى کوردوکوردستان لەماوەى چەند ساڵى رابردوو ، هەمیشە هەوڵەکانى خستۆتەگەڕ لە پێناو چارەسەرى ئاشتیانەى لە باکوورى کوردستان و ئینجا ئازادکردنى عەبدوڵڵا ئۆجالان ، تاکو ڵەو ڕێگەیەوە کۆتایی بە شەڕ بێت ، چونکە ئەوەى بە ڕێگەى ئاشتى و گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە بەدی دێن ئەستەمە بە دەیان ساڵى تر شەڕ و کوشتار بێنەدى .
بەتایبەتى کە شەڕى چەندین ساڵەى پەکەکە و سوپاى تورکیا ، بووەتە هۆى ئەوە کە خەڵکى هەرێمى کوردستان لە گشت ڕوویەکەوە ڕووبەڕووى نەهامەتى گەورە ببێتەوە، دەیان گوند و دەڤەر هەن کە تا ئێستا باجى ئەو شەڕ دەدەنەوە و رووى ئاوەدانیان بەخۆیانەوە نەبینووە ، سەدان کەسى تریش بەهۆى ئەو شەڕانەوە شەهید و ئاوارە و دەربەدەر بوونە، لەگەڵ زیانى ئابوورى و کشتوکاڵى و بازرگانى بێ شومار .
بۆیە، ئەو هەنگاوە کردەییانە بۆ ئاشتى و پەیامى ئۆجالان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ جارێکى تر هیوایەکى گەورەى بۆ ئاشتى نەک تەنها لە سەر ئاستى کوردستان ، بەڵکو لە سەر ئاستى ناوچەکەش دروستکردووە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش پشتیوانیان لێکردووە ، لە هەمانکاتیشدا دەرفەتى یەکریز و تەبایی لە نێوان هێزولانەکوردستانییەکان لە سەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان بەهێز و توندوتوڵتر دەکات بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانى تر .
هەموو ئەو هەوڵانەى سەرۆک بارزانى ، پەیامى ئۆجالان بۆ ئاشتى و کۆتایی هێنان بە شەر وادەکات کە چیتر دوژمنان و نەیارانى کوردستان نەتوانن درز و لێکترازان دروست بکەن و هەروەها ئومێدى بەدیهێنانى مافەرەاکانى گەلى کورد لە باکوور بەرەو قۆناغێکى گرنگ و پێشکەتووتر دەرۆات ، نابێتە ئەو دەرفەتە زێڕێن و مێژووییە لە دەست بدرێت و هەمووان پشتیوانى بین .