دواین هەواڵ

لە عێراق کوا هاوبەشى و سازان و دیموکراسى و فیدراڵى ؟

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

3 رۆژ پێش ئێستا

کاتێک باسى عێراق دەکرێت ، پرسیارێکى جەوهەورى دێتە ئاراوە ، ئەویش ئەوەیە کە چ شتێک لەو ئەو دەوڵەتە دەستکردە دا هەیە کە پەیوەندى بە ئێمەى کورد و وەک دووەم گەورە نەتەوە و  پێکهاتەکانى تریشەوە هەیە ، جگە لە خوڵانەوە بە دەورى بازنەیەکى بەتاڵدا کە سەدەیەکە کات بە فیرۆ دەدەین و ڕووەرووى دەیان کارەسات و ماڵوێرانى بووینەتەوە بەدەست ڕژێمەکانى بەغداوە ، رژێمێک کە بەهۆى عێراقەوە دووچارى دڕنداتەترین شاڵاوى پاکتاو و ئەنفاڵ و تیرۆر و ڕووخاندنى هەزاران گوند و زیندانیکردن و نەهامەتى کردن بووەتەوە .

عێراقێک کە تا بە ئێستا هەموو سەروەت و سامانى بۆ کڕینى چەک و تەقەمەنى و دروستکردنى گروپ و تاقمى جاش و میلیشیا و پەڵاماردانى ناوخۆیی و دراوسێیەکانى و لەناوبردنى نەتەوەیی کورد بەکارهێناوە و دێنێت و بەو هۆیەوە دەیان هەزار کەس بەتایبەتى گەلى کورد ڕووبەڕووى کوشتن و راگواستن و گۆڕینى شوناسنامە و  زیندەبەچاڵکردن و گەمارۆدان و برستیکردن کرایەوە .
عێراقێک کە هەمیشە کارى بۆ شکاندنى ئیرادە و شکۆو پێشێڵکردنى دادگە و دەستوور و یاسا کردووە و کردوێنێتى بۆ ئامرازێک بۆ لە ناوبردن و ئازاردانى گەلى کورد و هەوڵى گۆڕینى جوگرافیا  خاکى کوردستانى پێ شێوێنراوە  و پاشگوێ و مافەکانى پێشێڵکراوە. 

عێراقێک کە دەیان ساڵە بە نەخشە وپلانێکى دارێژراو  وبەوردى کار بۆ لەناوبردنى شوناسى کورد و کوردستانبیوونى کراوە .

بەدڵنییاییەوە ، ئەوە ئەو عێراقە فیدڕاڵى و دیموکراسییە نەبوو کە بریار بوو کە کۆکەرەوەى نەتەوە و پێکهاتە ئایین و ئایینزا جیاوازەکان بێت و دەستوورى پەسەند و یاسا تێیدا سەروەر بێ و دادپەوەرى کۆمەڵایەتى وسیاسى  و ئابوورى  تێیدا بەرقەرار بێت .عێراقێک کە تێیدا بنەماکانى مافى مرۆڤى تێیدا پارێزراو بێت و عێراقێک کە میلیشیایی لە یاسا دەرچوو و حکوومەتى سێبەر بوونى نەبێت .
عێراقێک بەکردەوە سارێژى برینە قووڵەکانى کەسوکارى ئەنفال و کیمیاباران و خەباتى رزگاریخوازى گەلى کورد بکاتەوە ، نەک جارێکى تر گەمارۆى ئابوورى بدات و نەک بە مووشەک و درۆن پەڵامارى بدات ، نەک هەوڵى سڕینەوە و نەهێشتنى قەوارەیەک بدات کەبەرهەم دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانى گەلەکەیەتى ، دوور لە بیرکردنەوەى شۆڤێنینانە و مەزهەبى و تایفى و مامەڵەکردن لەگەڵ گەلى کورد وەک هاووڵاتى پلە دوو و پڵە سێ .

ئەوەى تەنها لە ماوەى 22 ساڵى رابردوو لە عێراق بەکردەوە بینراوە ، رادەستکردنى وڵات و سەروەت وسەروەرییەکانى بووە بە وڵاتانى دراوسێى ، هەرەشە و مەترسى بووە بۆ سەر هەرێمى کوردستان ، ڕەتکردنەوەى هەموو بنەماکانى هاوبەشى و پێکەوەژیان و پێشێڵکردنى دەستوور و مافەرەواکانى گەلى کورد و پێکهاتەکانى تر بووە ، تێکدانى هاوسەنگى و نەمانى متمانە بووە ، بە ئاشکرا لە ژێر هەژموونى وڵاتانى هەرێمى بووە ، ئەوەش وایکردووە کە نەک هەر لێکترازان و بێ متمانەى لە نێوان کوردستان و عێراق دروست بێت ، مانەوەى لەگەڵ عێراق سەخت و دژوار و تەنها کات بێت .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP