زیاتر لە سەدەیەکە کورد خەبات دەکات و تێکدەکۆشێت و قوربانى دەبەخشێت و چاوەروانى دەرفەتێکى مێژووییە بە ئاڕاستەى بەدەسهێنانەوەى خاک و مافەزەوتکراوەکانى ، ئەوەتا ئێستا بە شێوەیەکى کردەوە گۆڕانکارى وپێشهاتەکانى ناوچەکە خێرا ، ئەو هەلومەرجە مێژووییەش سەرەڕاى هەموو هەڕەشە ومەترسییەکان هاتووتە ئاڕاوە ، خوێندنەوەى وردبینانە و مامەڵەکردن وڕاگڕتنى هاوسەنگى لەگەڵ پێشهاتەکاندا هونەرێکى گەورەى دەوێت ، بەتایبەتى بۆ گەلى کورد، کە لەنێو چوار دەوڵەتى داگیرکەردا گیرخواردووە و دەیان ساڵە دەچەوسێنڕێتەوە و ڕێگرى لە بەدەستهێنانەوەى مافەکانى دەکرێت ، کاتى ئەوە هاتووە ، بەگەڕانەوە بۆ لۆژیک و کوردایەتی و ڕوانگە و رابەرایەتى سەرۆک مسعود بارزانى ، کە هەمیشە لە پەرۆشى نەتەوە و نیشتیمانەکەى بووە ، بۆ پێشهاتەکان و رووداوەکانى ئێستا و داهاتووش خوێندنەوەى دروستى هەبووە ،
کاتى ئەوە هاتووە ، کە سوود وەڕگرتن لە ئەزموون و مێژوو پەلە بکەین لە یەکخستنى نێوماڵى کورد ، کە بە یەکێک لە بنەما سەڕەکییەکانى هەر گەل ونەتەوەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورە و ستراتیژییەکانى هەژمار دەکرێت ، ئەوەش نەک تەنها لە سەر ئاستى یەک بەشى کوردستان ، بەڵکو لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان ، سەرۆک بارزانى ،چەندین ساڵە هەوڵەکانى لە پێناو یەکڕیزى وتەبایی و کۆکردنەوەى گشت هێزولایەنەکانە لە ژێر یەک ڕەشماڵدا، بەتایبەتى مێژوو سەلماندوێتى ئەوەى ئەمڕۆ کاریگەرى هەیە دیپلۆماسى وهێزى نەرمە بۆ گەیشتن بە مافەرەواکانى کورد هەر لە رۆژئاواى کوردستانەوە بگرە تا باشوور و رۆژهەڵات و باکوورى کوردستان .
گەلى کورد ، دەریایەک خوێنى ڕشتووە وهەزاران ڕۆڵەى کورد گیانیان بەخشیووە ، بۆ ئەوەى کوردوکوردستان خاوەن شکۆ و سەربەخۆیی وسەربەستى خۆى بێت ، کاتى ئەوە هاتووە هەموو بیروبەرژوەندییە حزبى و کەسییەکان و تاکڕەوییەکان پاشگوێ بخرێن ، تاکە کلیلى سەرکەوتنى کورد لە نێو ئەو پێشهاتە نوێیانەدا کە زەروورەتە ، تەبایی گەلى کوردە ، چونکە هەر جارێک گۆڕانکارى لەسەر ئاستى ناوچەکە و دونیا بکرێت ، ئەوا راستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ئایندەى دۆزى کورد و مافەرەواکانى دەبێت ، بۆیە ، هەوڵەکانى سەرکردایەتیی سیاسى گەلى کورد ، بە رابەرایەتى جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى بۆ یەکڕیزى کورد ، لەلایەک وئینجا سەردان و بانگهێشتە فەرمییەکان بۆ سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان وبەشدارکردنى لە کۆڕبەند و کۆنفرانسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ،سەردانى سەرۆک و گەورە بەرپرسانى دونیا بۆ لایی جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى ، هەموویان ئاماژەن بە متمانەپێکردن ورۆڵ و سەنگ و هەرێمى کوردستان و مامەڵەکردنى دروست لەگەڵ گۆڕانکارى و پێشهاتەکانى ناوچەکە ، کە زۆر گرنگە گەلى کورد لە سەر ئاشتى هەر چوار بەشەکەى خۆى ئامادە بکات بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافەرەواکانى نەتەوە و نیشتیمانەکەى.
بە شێوەیەکى گشتى دەبێت ئەو راستییە بزانین کە ، دوژمنانى کوردوکوردستان لە نێو ئەو گۆڕانکارى و پێشهاتانەدا، بەردەوامن لە دژایەتى دۆزى کورد و دروستکردنى ئاستەنگ و قەیرانى دەستکرد ، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ نەتەوەیی کورد بەڵارێدا ببەن و ڕێگری بکەن بگاتە بە ئامانجەکانى بەتایبەت دروستکردنى لێکترازان و ناتەبایی و ناکۆکیی نانەوە ، کە ئەمڕۆ قۆناغى تەبایی کورد گەیشتۆتە لووتکە ولەمێژوودا کەم وێنە بووە ، گرنگە هەموو هێزولایەنە کوردییەکان پشتیوانى هەموو ئەو هەنگاو و هەوڵەکانى جەنابى سەرۆک مسعود بارزانى بن ، کە بە کەسایەتى کارێزما و ئەزموونى قوڵیان وەک هەمیشە دەتوانێت دۆزى کورد و مافەرەواکانى بگەێنێتە کەناڕى دڵنیایی وئامانجە لەمێژینەکەى .