دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

تیمی پڕۆژەی رووناکی لەبارەی نرخی کارەبا 24 کاتژمێریەکە ڕونکردنەوە دەدات

هەرێم نیوز

تیمی پڕۆژەی رووناکی رایدەگەیەنێت، زیادبوونی پارەی کارەبای 24 کاتژمێری، بە شێوەی پلەبەندیی زیادبوونی بەکارهێنانی کارەباکە دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە تیمی پڕۆژەی رووناکی کە کار لەسەر ئەوە دەکەن کارەبای هەرێمی کوردستان بکەنە 24 کاتژمێری، بەمیدیای پارتییان راگەیاند، "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن نرخی کیلۆواتی کارەبای نیشتمانی دەکرێتە 156 دینار؛ پارەی کارەبا بەگوێرەی پلەبەندیی بەکارهێنانی کارەبایە."

ئاماژە بەوەشدراوە، بەکارهێنانی کارەبا بۆ 400 کیلۆواتی نرخەکەی کەمترە و خێزانی کەم دەرامەت و ئەوانەی ئامێری کارەباییان کەمە دەتوانن لێی سوودمەند بن، ئەگەر بەکارهێنان بگاتە 800 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی دووەم زیاتر دەبێت؛ ئەگەر 400 کیلۆواتی زیاتر بەکارهات و گەیشتە هەزار و 200 کیلۆوات، نرخی 400 کیلۆواتی سێیەم زیاتر دەبێت. بەڵام دەشڵێن: "ئەوەش هێشتا ئەزموونییە و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە".

تیمەکە دەشڵێت، "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان لە دیاریکردنی نرخدا رەچاوی دۆخی هەموو خێزانەکان کراوە و دەکرێت."

تیمی "پڕۆژەی رووناکی" باس لەوەش دەکات، "دەبێت بەکارهێنانی کارەبا بەگوێرەی پێویست بێت، هاونیشتمانییان بە هۆشیارییەوە ئەو ئامێرانە بەکاربهێنن کە کارەبای کەمیان دەوێت. بۆ نموونە، بۆیلەری کۆن 12 بۆ 14 ئەمپێری دەوێت، بەڵام هیتەری نوێی بۆیلەر هەیە کەمتر لە سێ ئەمپێری پێویستە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە پەرلەمانتاران باس لەوە دەکەن، ئێستا یەک کیلۆوات کارەبای نیشتمانی 18 دینارە، بەڵام دەبێتە 156 دینار. تیمەکە ئەوە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، "پێشنیازی نرخ کراوە و بەرژەوەندیی هاوبەشان لەبەرچاو گیراوە، بەڵام پەسندکردنی دەوێت لە ئەنجوومەنی وەزیران و هیچ یەکێکیش لەو نرخانەی دیاریکراون، 156 دینار نین؛ بەرزترین نرخیش لە زۆرترین بەکارهێناندا کیلۆواتی ناگاتە 200 دینار."

کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی "پڕۆژەی رووناکیـ"ـدایە، کە 17ی10ی2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.

تاوەکو ئەمڕۆ لە 17 گەڕەکی هەولێر پڕۆژەی کارەبای 24 کاژێری چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و نزیکەی 65 هەزار هاوبەش تێیدا بەشدارن.

ئەو گەڕەکانەی هەولێر کارەبایان بووەتە 24 کاژێری بریتین لە راپەڕین، نەورۆز، ماردین، نیشتمان، شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کووران، کوردستان، ماجیداوە، رزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی و راستی.

هەروەها لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی و چەند گەڕەکێکی شارەکە پڕۆژەی رووناکی چووەتە جێبەجێکردنەوە؛ هاوکات لە چەند کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە دهۆکیش کارەبا کراوەتە 24 کاژێری.

بەگوێرەی تیمی پڕۆژەکە بێت، تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو، کارەبای هەموو هەرێمی کوردستان دەکرێتە 24 کاتژمێری.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP