هەرێم نیوز
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە، پڕۆژەی ڕووناکی کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر هەبووە و لە ڕێگەی پرۆژەکەوە، 400 مۆلیدەی ئەهلییان لە هەولێر کوژاندووەتەوە.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە x رایگەیاند:"بە هۆی پرۆژەی ڕووناکییەوە نزیکەی 400 مۆلیدەی ئەهلی لە نێو گەڕەکەکانی هەولێر لابراون."
دەشڵێت " کاریگەریی لابردنی ئەو 400 مۆلیدە ئەهلییە لەسەر ژینگە، هاوشێوەی لابردنی 60 هەزار بارهەڵگرە لەسەر شەقامەکان."
راشیگەیاندوە، "نزیکەی پێنج هەزار مۆلیدەی ئەهلی لە سەرتاسەری کوردستان هەن، بەڵام کارپێکردنیان تا ئێرەیە و بەس، چونکە بەگوێرەی پلانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، تا کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێر."
عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکوو ئێستە نزیکەی 90 هەزار خانوو و شوێنی کار لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری.
ئەمەش لە کاتێکدایە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.