هەرێم نیوز
ئەندامێكی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کە*جەکە) كە باڵی سیاسی پە*كەكەیە رایگەیاند، پەیامەكەی 27ـی (شوبات/2)ـی عەبدوڵا ئۆجەلان زۆر مانادار و گرنگە و پە*کەکە دەگۆڕێت و لەنێو گۆڕانێکدایە، بەشێوەیەکی نوێ تێکۆشانی سیاسی دەکات. دەشڵێت، "پەیامەكەی ئۆجەلان لەبەرژەوەندی گەلی كوردە و هەڵوەشانەوەی پەكەكە دەسکەوت و بەهای مەزنتری لێ دەکەوێتەوە".
موستەفا قەرەسو، لەمیانەی بەشداری بەرنامەیەکی تایبەتی كەناڵی مەدیا خەبەر ڕایگەیاند، پەیامەكەی 27ـی (شوبات/2)ـی عەبدوڵا ئۆجەلان زۆر مانادار و گرنگە. هەرخۆی هەبونی هەرسێ هەڤاڵانیان لەو دیمەنەدا، هەمیش هەبونی دو پارێزەری نوسیگەی یاسایی سەدە، ڕۆشتنی هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی و هەبونی ئەحمەد تورک، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر کە لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا ڕەنجێکی زۆریان داوە، زۆر ماندار بو.
ئاماژەی بەوەشكرد، پە*کەکە بۆ گەلی کورد تەنها پارتێکی سیاسی نییە و جیاوازە لە پارتەکانی دیكەی جیهان. ژیان و کەلتور و بونی گەلی کوردە. ڕۆح و باوەڕی بە گەلی کورد بەخشیوە و چەندین شتی بۆ زیادکردوە. بۆیە هەڵوەشاندنەوەی پە*کەکە هەستیارییەکی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام ئەمەش هەیە كە پە*کەکە دەگۆڕێت. لەنێو گۆڕانێکدایە. بەشێوەیەکی نوێ تێکۆشانی سیاسی دەکات.
ئەو بەرپرسەی پەكەكە دەشڵێت، "بە هەڵوەشانەوەی پە*کەکە، ئایندە و ئافراندن و ئەو کەلتوورەی دروستی كردوە چیتر نامێنێت، ڕاست نین. پە*کەکە بە تێکۆشانی 50 ساڵەی خۆی زۆر شتی بۆ ئەم گەلە زیادکرد. کاریگەرییەکەی بۆ چەندین سەدە دەمێنێتەوە، دەبێت ئەمە بزانرێت".
ئەوەشی خستەڕو، باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی پە*كەكە ڕەنگە دڵشکانێک لەنێو کۆمەڵگەدا جێ بهێڵێت. بەڵام بێگومان گەلەکەمان متمانەی بە پارت و ڕێبەرێتی خۆی هەیە. پەیامەكەش لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گەلی کورد و گەلانی تردایە. بۆیە هەڵوەشانەوەی پە*كەكە دەسکەوت و بەهای مەزنتری لێ دەکەوێتەوە.
باسی لەوەشكرد، "پەیامەكەی ئۆجەلان پەیامێكی مێژوییە. وەرچەرخانێکی گرنگە و لەدایکبونەوەیە. پەیوەست بە بناغەی دیموکراتیکبون و گۆڕانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرچەرخانێکی زۆر گرنگە. ئەمە نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بۆ هەمو گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە. بۆیە بەڕێزەوە سڵاو لە بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی دەکەین".