دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبونەوەی بەغداد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دواخرا

هەرێم نیوز

بڕیاربوو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەپیکۆر سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکراوە بکرێت بەڵام کۆبوونەوەکە ئەمرۆ ناکرێت.

هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتوون، تەنانەت ڕێککارە تەکنیکییەکان تەواوکراون، بەگوێرەی گوتەی هەرسێ لایەنە پەیوەستەکە بێت دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە لە ئان و ساتدایە و لەسەر هەندێ وردەکاری بچووک وەستاوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوپێش ئەلپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا گوتی، "بۆری نەوتی کەرکووک-جەیهان لە چواری ئۆکتۆبەری ساڵی 2023 یەوە ئامادەیە و ئەوان چاوەڕێی عێڕاق دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان".

لە ئاداری 2023وە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق.

بەپێی ئامارەکان، لەو ڕۆژەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، تا ئێستە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە گەنجینەی حکوومەتی عێراق گەیشتووە. 
زیانە ملیار دۆلارییەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وای کردووە دۆخێکی سەختی ئابووری دروستبێت. بەردەوامی ئەم دۆخە جگە لە زیانی زیاتر، هیچ سوود و قازانجێکی بۆ کەس نەبووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP