هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، حەماس بزوتنەوەیەکی تێکۆشەری چەکدارییە و تێکۆشانەکەیان ڕەوایە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە کەناڵی جەزیرەی راگەیاندوە، دەستدرێژی و داگیرکارییەکانی ئیسرائیل هۆکاری بونی حەماسن، وتوشیەتی؛ بە هیچ جۆرێک پلانەکەی ترەمپ، بۆ ئاوارەبونی دانیشتوانی کەرتی غەززە لەلایەن ئەنقەرەوە قبوڵکراو نییە.
ئەو وەزیرەی تورکیا نەشی شاردوەتەوە وەک تورکیا ترسیان هەیە، بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای وەرگرتنی هەمو بارمتەکان شەڕی غەززە دەستپێبکاتەوە.
ئەوەشی خستەروو: " بە پێویستی کردنی ئاگربەست لە غەززە بۆ هەمیشەیی و جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتوی ئەم ڕێککەوتنە بۆ ناوچەکە و تەواوی جیهانیش گرنگە"، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی ناتەنیاهۆ جێگەی نیگەرانین و دەرخەری ئەوەن ئیسرائیل باوەڕی بە چارەسەری دو دەوڵەتی نییە، بەڵکو باوەڕی بە فراوانبون هەیە.
جەختی لە جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنی ئاگربەستی غەززە کردوەتەوە و دەشڵێت؛ هەرگیز نابێت ڕێگە بدرێت جینۆسایدێکی نوێ ڕوبدات، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتن هەیە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا بۆ هەڵوێست وەرگرتنی هاوبەش و ڕێگریکردن لە دوبارە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە غەززە.