دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، دەبێت کۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێک بهێنرێت تا جووتیاران سوود لە زەویيەکانیان وەربگرن، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەڵێت، هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی شوباتی 2025، بەسەرپەرشتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە ڕووداوی دەستدرێژی و ڕێگریی لە جووتیارانی ڕەسەنی کورد لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی کەرکووک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرد و ئاماژەی بەوە دا "ئەم ڕەفتارە، کارێکی نادەستووریی و نایاساییە و قبوڵکراو نییە . ئێمە دژی هەموو جۆرە ستەمکارییەکین بەرامبەر جووتیاران کە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانیانن و دەبێت ئازادانە مافی کێڵان و سوود وەرگرتنیان لە موڵکی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت."

سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانیی بۆ مافە ڕەواکانی جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەویانە دووپات کردەوە و جەختیش کرایەوە کە پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2025 کە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس وگەڕانەوەی زەوی بۆ جووتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە پەسەندی کرد، ئیتر کۆتایی بە هەموو بەربەست و ئاستەنگێک بهێنرێت تا جووتیاران سوود لە زەویيەکانیان وەربگرن کە یاسا بۆی گەڕاندونەتەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، سەرۆک وەزیران پوختەیەکی دەربارەی بەشداریی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆک وەزیران لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی لە ڕۆژانی 11-13ی ئەم مانگە و دیدار و کۆبوونەوەکان و نوێکردنەوەی یادداشتی لەیەکگەیشتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ئیمارات بۆ هاریکاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوو حکوومەت لە کەرتە جیاوازەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە پێشکەش کرد.

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، کاری پێویست بکەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم یادداشتی لەیەکگەیشتنەکە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەند و پێشکەوتووی دامەزراوەکانی ئیمارات لە کەرتە جیاجیاکانی حکوومەتی هەرێمدا.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە ڕێکخستنی ڕێکارەکانی کوالیتی کۆنترۆڵ و پۆلینکردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم خرایەڕوو کە بۆ ئەم مەبەستە میوانداریی کرابوون و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا، پێشڤەچوون و بەربەستەکانیان ڕوون کردەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، جەختی کردەوە لەسەر بایەخی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لە پێناوی چارەکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی، ئەویش لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەردوولا؛ بە جۆرێک، بەڵگەنامەکانی پشکنین و کۆنترۆڵی جۆریی کەرەستە و کەلوپەلەکان لای هەردوولا، وەک یەک بەرکار بن و پشتیان پێ ببەسترێت و برەو بە پەیوەندی بەردەوام وهاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی پێوانەسازیی وکۆنترۆڵی جۆریی هەرێم و فیدراڵ بدرێت لە پێناوی گۆڕینەوەی زانیاریی و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاست ودروستیی بەڵگەنامە و بڕوانامەکانی پشکنینی هەردوو لا بۆ بەرهەمەکانی هاوردە و بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم و عێراق، بە ئاراستەی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی گەیاندنی بەرهەم و کاڵاکانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەمەش دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و دروستیان و هەروەها سوودمەندبوونی هەرێم لە بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە هەمان مامەڵە و ڕێکاری هاوشێوە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازیی و ناوخۆی ڕاسپارد، کە بەردەوام بن لە پەیوەندی و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لیژنەی هاوتایان لە حکوومەتی فیدراڵ و بەگەڕخستنی گشت هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە چارە و میکانیزمی هاوبەش.

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایە ڕوو، کە لە هەولێر ساز کرا و تایبەت بوو بە ڕێکار و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2025، تایبەت بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایە ڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازیی و پشتیوانی لە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لەوەش کردەوە کە هەرێم داوا دەکات هەرچی زووە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە و ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکانە؛ چونکە، بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتیی عێراق گەیشتووە. بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ڕاسپارد، کە هەرچی زووە لەسەر ڕێکار و میکانیزمەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە هاریکاریی و هاوئاهەنگی بەردەوام بن، بە تایبەتیش کە ئێستا یاساکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ڕێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەکە نەماوە و یاساکە نەخشەڕێگەی بابەتەکەی بە ڕوونی دەستنیشان کردووە



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP