دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

شاندی ئیمرالی: کۆبوونەوەکانمان لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوون

هەرێم نیوز

ئەندامێکی شاندی ئیمرالی کە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیاز و بۆچوونیان وەرگرتووە کە زۆر گرنگن بۆ ئاشتی. دەشڵێت وردەکاریی کۆبوونەوەکان بە ئۆجەلان دەگەیەنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سرری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (فراکسیۆنی دەم پارتی)، رایگەیاند، پێشوازیی گەرم و جۆش و خرۆشیان لە تەواوی ئەو پارت، دامەزراوە و کەسایەتییانە بینیوە کە لەگەڵیاندا کۆبوونەتەوە.

دەشڵێت:" لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیاز و بۆچوونیان وەرگرتووە کە زۆر گرنگن بۆ ئاشتی و تەواوی ئەو پێشنیاز و بۆچوونانە بە بەڕێز ئۆجەلان و لایەنی بەرامبەر دەگەیەنین. زیاتر هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێز ئۆجەلانمان گەیاند. هەروەها پرسیارەکانیشمان گەیاند و هەوڵماندا وەڵامی پرسیارەکانی ئەوانیش بدەینەوە".

ئاماژەی بەوەش کرد، بابەتی یەکێتیی نەتەوەییش یەکێک لەو تەوەرانە بووە کە لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ کراوە و هەوڵیشیان داوە فراوانترین زەمینە بۆ کارکردن لەپێناوی بەدیهێنانی ئاشتی بڕەخسێنن.
ئۆندەر هەروەها باسی لەوە کرد لە کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستاندا پشتگیریی باشیان بینیوە و چەندین وردەکاریی دیکەش هەن کە شاندی ئیمراڵی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان باسی دەکەن.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی، لەسەر ڕاسپاردەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دوای ئەنجامدانی دوو دیداری ئیمرالی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانی تورکیا و زیندانییانی سیاسیی ئەنجامدا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی ١٥ـی شووبات، سەردانی باشووری کوردستانیان کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجام دا، وەک شاندەکەش ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکاندا هیوای گەورەیان هەڵچنیوە.

ڕۆژی یەكشەممە 16ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین، بارزانی پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی خاتوو پەروین بولدان و بەڕێز سری سورەیا ئوندەر كرد.

لەو دیدارەدا بارزانی جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام. ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.

شاندەکە سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد و هەروەها سەردانی سلێمانییان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیش کۆبوونەوە.

لە دواین وێستگەی سەردانی شاندی ئیمرالی ڕۆژی ١٩ـی مانگ پێش گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان شاندەکە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و کۆبوونەوەیان ئەنجامدا کە ماوەی کۆبوونەوەکە ٤٥ خولەکی خایاند.

لە بارەی کۆبوونەوەکەوە، بەشی ڕاگەیاندنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری کێشەی کورد کرا و گوێ لە بۆچوونەکانی مەسروور بارزانی بۆ پرۆسەکە گیرا، دوای کۆبوونەوەکەیان شاندەکە ڕاستەوخۆ گەڕانەوە باکووری کوردستان و کۆتاییان بە وێستگەی سەردانەکانیان بۆ باشووری کوردستان هێنا.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP