هەرێم نیوز
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، سێ پاس لە چەند وێستگەیەکدا لە ناوەڕاستی وڵات تەقیونەتەوە.
تەقینەوەکان ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە شارەکانی بێت یام و هۆلۆن ڕوویانداوە کە هەردووکیان لە پارێزگای تەلئەبیب بوون و هیچ بریندارێک نەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی ئیسرائیل، دوو تەقینەوەی دیکەش لەناو پاسەکاندا لە هۆلۆن دۆزراونەتەوە و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی ڕووداوەکەدا بەردەوامە.
پۆلیسی ئیسرائیل تەقینەوەکانی بە "گومانی تیرۆر" وەسف کردووە و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، چەکدارانی فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوای بە هۆکاری ئەو هێرشانە زانیوە و فەرمانی بە سوپا کردووە ئۆپەراسیۆنەکانی لەوێ زیاد بکەن.
پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێت یاداشتێکیان لەسەر یەکێک لە بۆمبەکان دۆزیوەتەوە کە لەسەری نووسراوە "تۆڵەی کەمپی تولکەرەم" کە ئاماژەیە بۆ ئۆپەراسیۆنی هەفتەی ڕابردووی ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین.
لیواکانی قەسام لە تولکەرم لە کەرتی ڕۆژئاوا کە وابەستەی حەماسن، دوای ڕووداوەکە بەیاننامەیەکی کورتی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "تا داگیرکەران لە خاکی ئێمەدا ئامادەبن، تۆڵەی شەهیدان لەبیرناچێت".
دوای یەک کاتژمێر لە تەقینەوەکان، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپای ئەو وڵاتە کردووە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە دژی "ناوەندە تیرۆریستییەکان" لە کەرتی ڕۆژئاوا دەستپێبکات.