هەرێم نیوز
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکرایەوە وتی، حکومەتی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەر پارەیەک کە بەدەستی دەهێنێت بۆ بەرنامەی چەکی ئەتۆمی و "پاڵپشتیکردنی تیرۆر" بەکاردەهێنێت.
ئەو بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە هەرگیز ڕێگە بە ئێران نادرێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و بەهۆیەوە "جیهان بە بارمتە بگرێت" و "بە ئەگەرێکی زۆرەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی هەموو ڕووداوە "ناسەقامگیرکەرەکان" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکان و چالاکییەکانی گرووپی حەماس و حیزبوڵڵا و میلیشیاکان لە عێراق کە بە وتەی ئەو "هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و ئەمریکا"، هەموویان لە ڕووی داراییەوە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
ڕوبیۆ بە ئاماژەدان بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ زیندووکردنەوەی زۆرترین فشار بۆ سەر ئێران وتی: "بۆچی دەبێت ڕێگەیان پێبدەین (حکومەتی ئێران) پارەی زیاتر بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی بەکاریبهێنن بۆ پشتگیریکردنی ئەم کارانە؟".