هەرێم نیوز
بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، لە ئێستادا ئەمریکا سەرقاڵی پڕۆژەیەکە بۆ دابڕانی عێراق لە ئێران. دەشڵێت بەم هۆیەوە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەدا عێراق دووچاری ڕووبەڕوبوونەوەی سیاسی دەبێتەوە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا. پڕۆژەکە لەلایەن بەرپرسانی باڵا لە کۆشکی سپی پشتیوانی دەكرێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "العربي الجدید"، ئەو بەرپرسه ڕایگەیاندووە: لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردودا عێراق پەیامی راستەوخۆی ئەمەریکای پێگەیشتووە، سەبارەت بە پێویستی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان و چەککردنیان، بەتایبەتی ئەو حەوت گروپەی کە لە دوای (7)ی تشرینی یەکەمی (2023) لە هێرشەکانی دژی پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەشداریان کردووە، ئەوانیش بریتین لە: ( كەتیببەكانی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەلق، نوجەبا، ئەوفیا، سەید لشوهەدا، ئیمام عەلی و ئەلتەفوف).
دەشڵێت، ئامانجی واشنتۆن تەنها چەکداماڵینی ئەم گروپانە نییە، بەڵکو چەکی هەموو گروپەكانە لە عێراق، تەنانەت بەوانەشی كە بەغداد دەڵێت، لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدان.
ئەوەشی وتووە، حکومەتی محەمەد شیاع سودانی ڕووبەڕووی ئاستەنگێكی زۆربووەتەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا، بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن گروپە چەكدارەكان و تەنانەت لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانی شیعەش، لە هەر هەنگاوێک بەو ئاڕاستەیە.
دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا کە هاوپەیمانی ئێران بوو، بەرەی مقاوەمە بەتەواوەتی ڕووی لەلاوازی کرد و میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانیش هەڕەشە و هێرشەکانیان ڕاگرتووە و چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی پلانی لاوازکردنی بەرەی مقاوەمە ئەوانیش لە چاک داماڵرێن.
بەتایبەت لە ئێستادا که ئێران ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری دارایی و سزای ئابووری بووەتەوە لەلایەن ئەمریکاوە و ترەمپ دەیەوێت ناچاریان بکات بێنە سەر مێزی دانوستان بۆئەوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ بکات لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و ڕاگرتنی هاوکاری و پاڵپشتی گرووپە چەکدارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.