هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و بەشداریی کۆنفرانسی گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکات.
رۆژی شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە بەغدا. بەگوێرەی زانیارییەکان لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چالاکییەکانی حەوتەمین کۆنفرانسی (گفتوگۆی نێودەوڵەتیی بەغدا) بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد.
بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی باڵای عێراق لە کۆنفرانسەکە گوتار پێشکێش بکەن.
ناونیشانی کۆفرانسەکە (پەیوەندی بۆ گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی)ـیە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک دۆسییەی گرنگ تاوتوێ دەکرێت کە پەیوەندیدارن بە بابەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی. لە رۆژی یەکەم دا پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و، رۆڵی لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و ئاستەنگەکانی بەردەمی باس دەکرێ.