دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

كاروانێكی دیكەی سەربازیی هاوپەیمانان گەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان

هەرێم نیوز

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، كاروانێكی دیكە سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی گەیشتە حەسەکەی ڕۆژئاوای كوردستان كە پێکهاتوون لە 36 بارهەڵگر لە سندوقی داخراو، ساردکەرەوە، چەک و تەقەمەنی، سندوقی بەندکردن، تانکی سووتەمەنی و زرێپۆش.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردۆتەوە، کاروانێکی نوێی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، گەیشتنە بنکەی قەسرەک لە ناوچەی وەزیری لە دەشتاییەكانی پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای كوردستان.

كاروانەكەی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستانەوە چووتە خاكی سووریا لەڕێگەی دەروازەی سنووریی ئەلوەلید كە پێكهاتووە لە: 36 بارهەڵگر لە سندووقی داخراو، ساردکەرەوە، چەک و تەقەمەنی، سندوقی بەندکردن، تانکی سووتەمەنی و زرێپۆش، ئەوەش لەچوارچێوەی بەهێزکردنی  بنکە و پێگە سەربازیەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەكە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سێ ڕۆژ لەمەوبەر لە 19ی2ی2025، دوو فرۆكەی بارهەڵگری سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە بنكەی كێڵگەی نەوتی عومەر لە دەشتاییەكانی دێرەزۆر نیشتووەتەوە كە گەورەترین بنكەی سەربازیی هاوپەیمانانە لە سووریا، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو دوو فڕۆكەیە، كەرەستەی سەربازی و لۆجستی بۆ بنكە سەربازییەكان لە ناوچەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا گواستووەتەوە.

دوای سەرهەڵدانی داعش و هەڵكشانی گرژییەكانی سووریا، ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی ژمارەیەک بنكە و بارەگای سەربازییان لە ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكووری ڕۆژهەڵات و ناوچە سنوورییەكانی سووریا كردەوە كە جگە لە چەک و كەرەستەی سەربازی، هەزاران سەربازی لەخۆگرتووە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP