هەرێم نیوز
حەماس و ئیسرائیل ئهمڕۆ شەممە ئاڵوگۆڕی حەوتەم لە نێوان بارمتە و دەستگیرکراوەکانی فەڵەستینی ئەنجام بدەن، لە کاتێکدا کۆتایی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە 1ی 3 نزیک دەبێتەوە.
ئەمڕۆ حەوتەم پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەستگیركراو و بارمتەكانی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل ئەنجامدەدرێت، بڕیارە لە پرۆسەكەدا لەبەرامبەر ئازادكردنی602 زیندانی فەلەستینی، بزوتنەوەی حەماس 6 بارمتە رادەستى ئیسرائیل بكاتەوە، كە دواین ئەو بارمتانەن لەژیاندا ماون.
فەرمانگەی راگەیاندنی زیندانیانی حەماس رایگەیاند، ڕۆژی شەممە 50 زیندانی کە سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، 60 زیندانی كە بە سزای درێژخایەن و 47 زیندانی گروپی وەفا ئەحرار کە دووبارە دەستبەسەر کراونەتەوە، ئازاد دەکرێن.
نوسینگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، 445 زیندانیشیان لەوانەی ئازاد دەكرێن، لە کەرتی غەززە لە دوای7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیرکراون.
بزوتنهوهی حەماس له بهیاننامهیهكدا باسی لهوهكردوه، شهش بارمتەی ئیسرائیلی وەکو ئهمڕۆ شەممە ئازاد دهكات، ئەوانیش دوا زیندانی زیندون کە بڕیارە تا 1ی ئازار ڕادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە، ئەوەش لە کۆتایی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست، کە لە 19ی 1ی ئهمساڵهوه کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.