دواین هەواڵ

جیهان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە ناسەپێنم

هەرێم نیوز

سەرۆكی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، پلانەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە سەرکەوتوە، بەڵام نایسەپێنێت و تەنها ڕاسپاردەیەكە، دەشڵێت، "سەرم سوڕمان كە میسر و ئوردن پلانەكەمیان ڕەتكردەوە، چونكە ساڵانە ملیارەها دۆلار دەدەین بەو دوو ولاتە و هاوكاری لە ئەمریكا وەردەگرن".

دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕادیۆی فۆكس نیوز ڕایگەیاند، پلانەکەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی غەززە بەڕاستی کاردەکات و سەرکەوتوە، بەڵام نایسەپێنێت و تەنها ڕاسپاردەیەكە.

وتیشی: غەززە پێگەیەکی گرنگی هەیە نازانم بۆچی ئیسرائیل دەستبەرداری بووە.

ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کەرتی غەززە بۆ ژیانکردن شوێنێکی گونجاو نییە، هەروەها دوای پلانەکەم غەززە دەبێتە موڵکی ئێمە.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشكردوە، پلانەکەی بۆ غەززە حەماس ناگرێتەوە و  ئامانجی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی تەواوەتی کەرتیەکەیە.

دەشڵێت، "حەماس نامێنێت، غەززە پەرەی پێدەدرێت، دواتر لە شوێنێکی پاک و خاوێن دەستپێدەکەینەوە".

ئەوەشی خستەڕو، "ڕەنگە خەڵکی غەززیان پێیان باشتر بێت لە ژینگەیەکی پێشکەوتو و سەقامگیردا بژین و ئەگەر بژاردەی دۆخی ئێستا یان ژیان لە کۆمەڵگەیەکی جواندایان پێبدرێت، پێموایە دەزانم کامیان هەڵدەبژێرن".

ئەمەش لەکاتێدایە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاندبوو، پلانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ غەززە، بە ئامانجی ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی نییە، بەڵکو بۆ دروستکردنی واقعێکی باشتر و ئاسۆیەکی فراوانترە بۆیان.

ئەو نوێنەرەی ترەمپ، ئاماژەی بەوە کرد، چانسێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ سەرکەوتنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە و دواتریش، ترەمپ ڕایدەگەیەنێت کە پلانی ئەمەریکا بۆ کەرتی غەززە باشترین بیرۆکەکانی جیهان بۆ بیناسازی لەوێدا کۆدەکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP