هەرێم نیوز
بڕیارە سبەینێ شەممە، شاندی دانسوتانکاری پارتی و یەکێتی لە بارەی دواین پەرەسەندنەکانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کۆببنەوە.
سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیاند: سبەینێ شەممە لە سلێمانی هەردوو شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و گفتووگۆ لەسەر دواین پەرەسەندنەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەکەن.
ئاماژەی بەوەشدا، تیمی تەکنیکی یەکێتی و پارتی لە ماوەی ڕابردوودا رەشنوسێکیان وەک ستراتیژی بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتوو ئامادەکردووە و وابڕیارە سبەینێ لە کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەسەر ئەو ستراتیژە بکەن کە دەبێتە بناغەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم.
وتیشی: هەر خاڵێكی ناكۆك مابێت و لەم تیمەدا چارەسەر نەكرابێت، دەخرێتە بەردەم شاندی دانوستانكاری هەردوو حزب بۆ ئەوەی لەوێ چارەسەر بكرێت.
لە پاش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، چەند جارێک شاندى یەکێتى و پارتى لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.
پارتى دیموکراتى کوردستان، 39 کورسى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى بەدەستهێناوە و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى بەدەستهێناوە، هەردوولاش شاندى دانوستانکاریان پێکهێناوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى دیکەش کۆبوونەتەوە.