دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا کردەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە شاندێکی ڕەوەندی عێراقی لە ئه‌مەریکا به‌ سه‌رۆكايه‌تيى مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی كلدانى ـ ئه‌مەریکی کرد.

لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە کرد لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى و پشتگیریيان له‌ پێشخستنى ئابووری و گەشەپێدان، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و فرەیيی کولتووری و ئایینیی عێراقییەکان و بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیيانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا کردەوە.

لای خۆیانەوە، شاندەکە پێزانینيان بۆ كولتوورى‌ يه‌كترقبووڵكردن و پێکەوەژیانی ئاشتیيانە و لێبوردەیی لەنێوان پێکهاتە جياكاندا له‌ هەرێمی کوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها داكۆكييان لە بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان به‌تايبه‌تى لە بوارى ئابووری و وەبەرهێناندا کرد بە جۆرێک کە پشتگیریی گەشەپێدان بکات و دەرفەتی نوێ بۆ پەیوەندی لەنێوان ڕەوەندی عێراقی لە دەرەوە و کوردستاندا بڕەخسێنێت. له‌مباره‌يه‌وه‌ چه‌ند بيرۆكه‌يه‌كيان ده‌رباره‌ى كار و پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ ده‌شتى نه‌ينه‌وا و هه‌رێمى كوردستان خسته‌ ڕوو.

 نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر پابەندیی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئاشتیيانە و لێبوردەیی لەنێوان هەموو چين و توێژەکانی کۆمەڵگەدا کردەوە و دڵنيايى دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ وەک نموونەیەک بۆ ئاشتی و فرەیی و کرانەوە ده‌مێنێته‌وه‌، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندیى نێوان عێراقییەکانى ناوەوە و دەرەوەی وڵات و هاوکاریی هاوبەشيان لەپێناو داهاتوویەکی باشتردا بۆ هه‌مووان به‌ گرنگ زانى. هه‌ر له‌و ميانه‌دا هه‌موو ئاسانكارييه‌كى بۆ ڕه‌خساندنى زه‌مينه‌ى له‌بارى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ شانده‌كه‌ ده‌ربڕى.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP