هەرێم نیوز
مێژووى سی و دوو ساڵەى بەعس لە عێراق پریەتى لە کارەساتی سەیرو سەمەرە و دەستنەپاراستن لە نزیکترین کەسەکان، بەشێکى زۆری مام و ئامۆزا و خاڵ و خاڵۆزاکانى تێداکوژران، لە ئەحمەد حەسەن بەکری ئامۆزای باوکی سەدامەوە بیگرە تا دەگاتە عەدنان خەیروڵاى خاڵۆزا و ژنبرا و هاوڕیی منداڵی، پاشان زاواکانى هەریەک لە سەدام کامیل و حسێن کامیلی ئامۆزایان.
لە رۆژى 23ـى شوباتى ساڵى 1996 بەفەرمانى سەرکردایەتى بەعس و بە بەشداریی ڕاستەوخۆی عەلی حەسەن مەجید هەردوو زاوا گەورەکەى سەدام حسێن، (حسین کامل) کە هاوسەری رەغدى کچى سەدام حسێن و سەدام کامل –هاوسەرى رەنا) لەگەڵ (کامل مەجید) باوکیان و مامى سەدام حسێندا و ژمارەیەک لە کەس و کاریان پاش گەڕانەوەیان لە وڵاتى ئوردن هێرشیان کرایە سەر و دواى بەرگرییەکی چەند کاتژمێریی هەموو دانیشتوانى ماڵەکە یەک لە دواى یەک کوژراون و بەوەش لاپەڕەیەکی دیکە چووە سە تاوانەکانى ئەو رژێمە، بەڵام ئەمجارەیان لەنێوخۆی خێزانەکەیاندابوو.
حسێن کامل لە 18/6/1954 سەدام کامیلیش لە 1/5/1960 لەدایکبوون و ئامۆزا زا و زاواى سەدام حسێن سەرۆک کۆماری لە سێدارەدراوى عێراق بوون، حسێن کامل لەسەرتاى حەفتاکانەوە پارێزەرى تایبەتى سەدام بوە و دواتریش سەرەڕای خزمایەتى هێندە متمانەیان لە نێواندا هەبووە بوەتە زاواى سەدام لە نێوان 1987 تا 1995 بەرپرسی یەکەمى دامەزراوەى پیشەسازیی سەربازیی (تصنیع العسکری) بووە و دواتریش سەرپەرشتیارى ڕاستەوخۆی پاسەوانى کۆمارى دراوەتێ و گەشەیەکی زۆری بە گاردى کۆماریی داوە و تەنانەت بۆ کوشتنى سەرکردە بەناوبانگەکانى بەعسیش ئەو دیاری کراوەو ئەویش دڵسۆزانە ئەرکەکانى خۆی جێبەجێکردووە.
هەرچی سەدام کامل یشە بۆماوەیەک سەرۆکی گاردی کۆماریی و دواتریش نوێنەرى عێراق بوە لە لیژنەى ئەتۆمی لە نەتەوە یەکگرتوەکان و پاشان بەرپرسی دەزگاى موخابەراتى عێراق و بەرپرسی دۆسیەى ئەتۆمی عێراق و هاوسەرگیریی لەگەڵ رەناى کچی سەدام دا کردووە.
دواى ئەوەى لە مانگی ئابی 1995 جیابونەوەى خۆیان لە ڕژێمی بەعس ڕاگەیاند بە ئۆتۆمبێل خۆیان گەیاندە ئوردن و بۆماوەیەک لەوێ مانەوە و ناوەندە هەواڵگرییەکان بایەخێکى زۆریان پێدان، لەگەڵ ئاوەڵزاواکەى تریان بەناوى (عیزەدین مەجید هاوسەرى ئیلهامى کچی سەدام حسێن) لە میوانداریی پادشاى ئوردن دا بوون.
پاش ماوەیەک مانەوەیان لە ئوردن و ساردبوونەوەى ناوەندە هەواڵگریی و میدیاییەکان لە رێگەیەکی تایبەتەوە نامەیەکی تایبەتى سەدام حسێن یان پێدەگات کە تیایدا پەیمانى پێدابوون لێیان ببورێـت، بەو مەرجەى بگەڕێنەوە عێراق و بەرپرسیارێتییان پێدەدرێتەوە، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت ناکۆکی هەبووە لە سەر مانەوە یان گەڕانەوە یان هەڵبژاردنى وڵاتى سییەم، بەڵام بەهۆی متمانەی تەواویان بە بەڵێنەکەى سەدام حسێن، لە رۆژی 20 شوباتى 1996 بە هەمان ڕێگە و هەمان ئۆتۆمبێلەکانى پێشوازیی گەڕێنرانەوە سەر سنور و لە لایەن عودەى و قوسەى سەدامەوە پێشوازییان لێکرا، بەڵام عیزەدین باوەڕی نەکرد و بەرەو وڵاتانى ئەوروپا رۆشت و لەژێر ترس و دڵەڕاوکێدا گەڕانەوە بەغدادى رەتکردەوە.
هەمان رۆژ لە ژێر فشار و هەڕەشەدا عودەى کوڕی سەدام حسێن وەرەقەى تەڵاقی هەردوو خوشکەکەى بە هەردوو زاواکەى(سەدام کامیل و حسێن کامیل) واژۆکرد و رۆژى 21 مانگ دادگاى بەغداد تەڵاقەکانى پەسەند کرد و ئێوارەى 22 مانگ بە سەرکردایەتى عەلی حەسەن مەجیدى ئامۆزایان هێزێکی گەورە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنى نیشتەجێ بوونیان و دواى ئەوەى خۆیان ڕادەست نەکرد تەقە لە نێوانیاندا دروستبوو زیاتر لە شەش کاتژمێری خایاند.
هەردوو زاواکە کامل و سەدام و باوکیان و چەندین کەسی دیکە، یەک لە دواى یەکتر کوژران و دواتریش تەرمەكانیان هێندرایە سەر شەقام و بۆ ماوەی چوار رۆژ لەسەر شۆستەكان هێڵدرانەوە و و پاشان لەشوێنێك بەنهێنی بەخاك سپێردران كە تائێستاش گۆڕەكانیان شوێنبزرن.
ئەمە یەک وێستگەیە لە وێستگە تاوانکارییەکانى رژێمی پێشوو کە دەربارەى ئامۆزازا و زاواکانیان کردیان.