هەرێم نیوز
سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا رایدەگەیەنێت، شۆڕش سوریای لە ونبون رزگارکرد، بەڵام ئاستەنگەکان هێشتا گەورەن، جەختیشیکردەوە دیمەشق دوبەرەکی قبوڵ ناکات.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە گوتارەکەیدا لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکە کە ئەمڕۆ لە دیمەشق بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند "پێویستە هەست بە ئازار و نەهامەتییەکانی سووریاییەکان بکرێت و پێویستە هۆکارەکانی هەستانەوەی سووریا رەچاو بکرێن."
سەرۆکی کاتیی سووریا جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوان، ژێردەستەیی قبووڵ ناکەن و "سووریاییەکان خۆیان وڵاتەکەیان رزگار کرد". دەشڵێ "پێویستە رێز لە هەموو ئەو قوربانییانە بگیرێت کە گەلی سووریا داویەتی.
ئاماژەی بەوەشدا، سوریا دوبەرەکی قبوڵ ناکات و دەبێت چەک لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
وتیشی: ئەمڕۆ سوریا بەتەواوەتی گەڕاوەتە دەستی گەلەکەی، قۆرخکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، شتێکی قورس نییە، بەڵکو ئەرک و واجبە لەپێناو فەراهەمکردنی ئاشتی بۆ هاوڵاتییانی وڵاتەکە.
سەبارەت بە فۆڕمی داهاتوی حکومەتی سوریا، شەرع وتی: نابێت سیستمێک هاوردەبکەین کە لەگەڵ دۆخی وڵاتەکەدا نەگونجێت، چونکە ناکرێت کۆمەڵگە بکرێتە شوێنێک بۆ تاقیکردنەوە و جێبەجێکردنی خەونە سیاسییەکان.
بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی 600 کەسایەتی سوریا بانگهێشتکرابون کە 570 کەسیان بەشدارییان کردوە، چاوەڕوان دەکرێت ڕاسپاردەکان سەبارەت بە قۆناغی داهاتوی وڵاتەکە پەسەند بکرێت.
ڕێژەی ئامادەبونی کۆنفرانس گەیشتووەتە 97% و 570 بانگهێشتکراو بەشداری دانیشتنەکانیان کردووە، لەکاتێکدا تەنها 30 کەس داوای لێبوردنیان کردووە بەهۆی بەشدارینەکردنیان.
بەشداربوان بەسەر شەش لیژنەی تایبەتمەندا دابەشدەکرێن، دیارترینیان دروستکردنی دامەزراوەکان، ئامادەکردنی ڕەشنووسی دەستوور، دادپەروەری ڕاگوزەر، ئازادییە گشتیەکان و ئابوورییە.