هەرێم نیوز
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان رایگەیاند، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق چارەسەری کێشەکانی لە راپۆرتەکەدا واژۆ کردووە، دەشڵێت، "کێشەکەمان چارەسەر بووە و ئیتر دەتوانین زەوییەکانمان بکێڵین".
محەمەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، رایگەیاند، "ئەوکاتەی لەگەڵ لیژنەکە کۆبووینەوە راسپاردەی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان پێدان، ئێستا خۆشبەختانە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق چارەسەری کێشەکانی لە راپۆرتەکەدا واژۆ کردووە".
وتیشی، "دەبێت نووسراوەکە بگاتەوە کەرکووک، بەگشتی کێشەمان چارەسەر بووە و ئیتر دەتوانین زەوییەکانمان بکێڵین".
ئەمەش لەکاتێکدایە، رێگرییەکان لە جووتیارانی کورد لەکاتێکدان، دوای چەند جارێک دواخستن بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچووەتە جێبەجێکردنەوە.