هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی ساڵیادی ڕاپەرینی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت دەکاتەوە "لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانمان نابین."
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی 34رەمین ساڵیادی ڕاپەرینی ساڵی 1991ی خەڵکی کوردستان، بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە داوە کردووە "گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم."
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕین:
لە (34)مین ساڵیادی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ی خەڵکی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.
یەکێک لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کوردستان، کە هەمیشە مایەی شانازیمانە، ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی کوردستانە، کە سەرجەم پێکهاتەکانی گەلەکەمان بەشدارییان تێیدا کرد و لە ئەنجامی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان، توانرا هەرێمی کوردستان لە ستەم و داگیرکاری ئازاد بکرێت و لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیشەوە، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنە ئاراوە.
ئەمڕۆ کە یادی ئەم ڕاپەڕینە مەزن و شکۆدارە دەکەینەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیيە لەسەر داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و دامەزراوە یاسایی و شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی بەهۆی خەبات و قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی گەشی شەهیدە سەربەرزەکانمان بەدەستمان هێناون، كە مەحاڵە خەڵکی کوردستان، لە ژێر هیچ فشار و هەڕەشەیەکدا، دەستبەرداری مافە ڕەواکانی ببێت.
شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/3/5