هەرێم نیوز
لە سۆران، هەشت سەنتەری جوانكاری داخران، كە پابەندیی ڕێنوێنییە تەندروستییەكان نەبوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی 3ی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران ڕایگەیاند: "لیژنەی پشكنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشــــــتیی تەندروســــــتیی سۆران بە هاوبەشی لەگەڵ قایمەقامیەتی قەزای ناوەندیی سۆران، بەڕێوەبەرایەتیی KMCA، سەندیـــكای دەرمانسازان، ئاسایشی سۆران و نوێنەری داواکاریی گشتی سەردانی دەرمانخانە، سەنتەری پزیشکی و نۆرینگە و تاقیگەکانی قەزای ناوەندیی سۆرانیان کرد."
ئەوەشی خستەڕوو، "لە ئەنجامدا هەشت سەنتەری جوانکاری بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی و کارکردنی کارمەندی بیانی بە بێ ڕاستکردنەوەی بڕوانامە و هەبوونی مۆڵەتی پیشەیی و پابەندنەبوونیان بە ڕێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی داخران."
جەخت لەوەش دەكاتەوە، "لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پەیڕەوکردنی ڕێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی ناو و ناونیشانی ئەو شوێنانە بڵاو دەکرێنەوە، کە پابەندیی ڕێنوێنییەکان نین."