هەرێم نیوز
لە یەکەمین لێدوانی دیپلۆماسی لایەنی ئێرانی دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەکردەوە کە ئەمریکا پێشێلکاریی جیددی ئەنجامداوە، ڕوداوەکانی ئەم بەیانییە ترسناکن و لێکەوتەی سەختی دەبێت، پێویستە هەمو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەران بن لەم ڕەفتارە تاوانکاریه.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێكسێكدا نوسویەتی، ئەمریكا، بە هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەكانی ئێران، پێشێلكارییەكی گەورەی پرێنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، یاسا نێودەوڵەتییەكانی ئەنجامداوە.
راشگەیاند، هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریكا بەبێ سزا تێناپەڕێت، وتیشی پێویستە هەر ئەندامێكی نەتەوە یەكگرتووەكان بەو رەفتارە مەترسیدار و بێ یاسا و تاوانكارییەی ئەمریكا بە ئاگابێتەوە ئیدانەی بكات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشكردوە، بەپێی پرێنسیپەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕگەكانی لە ئێستادا مافی رەوای ئێران خۆیەتی كە وەڵامی ئەو پێشێلكاریانە بداتەوە کە بەرانبەری کراوە، وتیشی، ئێران هەموو بژاردەكانی بۆ بەرگریكردن لە سەروەری و بەرژەوەندی گەلەکەی لەبەردەستدایە.