هەرێم نیوز
میدیای ئێرانی ئێران ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتی خۆی بە ئەنجومەنی باڵای سوپای پاسداران داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجامدرا کە عەلی خامنەیی و بنەماڵەکەی خۆیان حەشارداوە.
بەپێی زانیارییەکان، خامنەیی بۆ پاراستنی خۆی لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە پەناگە ژێرزەمینییەکاندا دەمێنێتەوە.
بەپێی ڕێساکانی سوپای پاسداران، ئەنجومەنی باڵای سوپای پاسداران لەسەر داوای خامنەیی سەرپەرشتی کارەکانی فەرماندەی سوپای پاسداران دەکات.
دوو سەرچاوە کە لە ناوخۆی ئێرانەوە ئاگادارکراونەتەوە پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە عەلی خامنەیی دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، گواستراوەتەوە بۆ پەناگەیەکی ژێرزەمینیی لە ناوچەی لەویزان کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران.
بەپێی زانیارییەکان هەموو ئەندامانی بنەماڵەی خامنەیی له نێویاندا موجتەبا، پێکەوە لە پەناگەیەکدان.