دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

خامنەیی لە دەنگۆی هەوڵی کوشتنی تۆقیوە؛ تەقییە دەکات؟

هەرێم نیوز

دوای چەند ڕۆژ لە دەستپێکی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، کەم تا زۆر دەزانین بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل چۆن بیر لە شەڕەکە دەکاتەوە و دەڵێت: "لە لاوازترین دۆخی دوژمنەکەتدا لێبدە". بەڵام وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە لە ئێستادا لە مێشکی ڕێبەری ئێراندا چی دەگوزەرێت، زۆر قورسترە.

بی بی سی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی هەواڵگری جیهان ئەرکیان لەسەر شانە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە و بۆیە لەگەڵ ئەلێکس یۆنگەر، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری دەرەکی بەریتانیا (MI6) کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ (2009-2014) بەڕێوەبەری ئەو دەزگایە بووە، چاوپێکەوتنیان کردووە.

یۆنگەر پێی وایە کە سەرلێشێواوی قووڵ و کەشوهەوای بێمتمانەیی لەناو پێکهاتەی سەرکردایەتی ئێراندا دەتوانێت ببێتە هۆی بڕیاری هەڵە و پەرەسەندنی قەیرانەکە.

دەڵێت خاڵی یەکەمی من ئەوەیە کە مرۆڤ نابێت ئاستی سەرلێشێواوی و وەهمی پیلانگێڕی لە تاران بە کەم بزانێت، بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی کاریگەر زنجیرەی کەسانی بڕیاردەری ڕژێمی کردۆتە ئامانج.

دەشڵێت "ئەو سێ کەسایەتییە سەرەکییەی ئێستا لە سەرکردایەتی دەسەڵاتدان، خامنەیی، ویلایەتی و لاریجانی، پیاوی بەساڵاچوون کە بە قووڵی سەرلێشێواو بوون. خامنەیی بە تایبەتی نیگەرانە لەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیلییەکان هەوڵی کوشتنی دەدەن و پێدەچێت باوەڕی بەو دەنگۆیانە کردبێت. لە ئەنجامدا ئەگەری زۆر بۆ حیساباتی هەڵە و زانیاری هەڵە هەیە".

بەڵام یۆنگەر دەڵێت، یەکێک لە گرنگترین ڕەچاوکردنی ئێران لەم بارودۆخەی ئێستادا ئەوەیە کە ڕێگری بکات لە چوونە ناوەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ ئەم قەیرانە و ڕێبەرانی ئێران زۆر باش دەزانن کە تێچووی هاتنە ناوەوەی ئەم وڵاتە بۆ ناو شەڕەکە چەند دەبێت و ئەمەش دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ سنووردارکردنی کردەوەکانیان.

سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی MI6 وتی: ئەوان دەزانن کە لە هەلومەرجی ئێستادا ئەگەر ئەمریکا تێوەگلێت، شتەکان بۆ ئێران زۆر خراپتر دەبن. دەشڵێت: “ئەوان ڕژێمێکی سەرکوتکەرن، بەڵام زۆر لە خەمی ڕووخانیشدان و دەزانن چۆن سەرکوت بەڕێوەببەن، بۆ ئەوان پرسی چارەنووسساز ئەوەیە کە ئەمریکا لە پێگەی بینەردا بمێنێتەوە و قۆناغی یەکەمی قەیرانەکە تێپەڕێنێت”.

یۆنگەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕەت ناکاتەوە و دەڵێت ئەگەری ئەوە هەیە ئێران پەیامێکی نهێنی بنێرێت بۆ دانوستان لەسەر پیتاندن.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە چەمکی تەقیە (شاردنەوەی مەسڵەحەتیی حەقیقەتەکان) و "خواردنەوەی جامی ژەهر" (قبووڵکردنی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ڕوحوڵڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی کە بووە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ عێراق)، سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان وتی: نابێت ڕق و کینەی قووڵی ئەمریکا لە نێو بازنەی حوکمڕانی ئێراندا بە کەم سەیر بکرێە، ڕای گشتی ئێران زۆر ناجێگیرە و دەتوانێت بە هەر ئاراستەیەکدا بڕوات”.

"لە کولتوری سیاسی شیعەدا، پرەنسیپی "تەقییە" چەمکێکی دامەزراو، هەمان خواردنەوەی ئەو جامە ژەهرەیە کە خومەینی باسی کرد. کەواتە ئێران ڕەنگە بچێتە قۆناغێکی پراگماتیزمی توندڕەوەوە. لەم کاتە پڕ لە گێژاوانەدا ئەمە سیناریۆیەکی گەشبینانەیە".

یۆنگەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بەڕاستی ئێران بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت، ئەمریکا ناچار دەبێت بچێتە ناو شەڕەکەوە: "دەزگای نێودەوڵەتی ئەتۆمی ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی پابەند نەبووە بە پشکنینەکان. ئەگەر بەڕاستی ئێران بەرەو چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت، ئەوا ئەم ڕێگایە ناگەڕێتەوە و ئەمریکا ناچار دەبێت بچێتە ناوەوە. ئەمە سیناریۆیەکی زۆر مەترسیدارە".

دەڵێت بەڵام بۆچوونی شەخسیی من ئەوەیە کە ئێران لە قۆناغی پیتاندن وەستاوە و وەکو کەرەستەی گفتوگۆ بەکاریدەهێنێت.

ئێستا پرسیار ئەوەیە، ئەگەر سیناریۆی گەشبینانەی گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان لەبەرچاو بگرین، خراپترین سیناریۆی مومکین لەبەردەم ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیدا چییە؟

ئەلێکس یۆنگەر وتی:" ئەوەیە کە هەستەکان زاڵبن بەسەر عەقڵ لە تاران و ئێران بە تەواوی خەریکی شەڕی ناهاوسەنگ دەبێت: تیرۆر، هێرشی ئەلیکترۆنی، داخستنی گەرووی هورمز و هتد.. بێگومان تا ئێستا زۆرێک لەو بژاردانە بەکارهێنراون، بەڵام داخستنی گەرووی هورمز کاریگەرییەکی گەورەی ئابووری دەبێت، بەتایبەتی لەسەر نرخی نەوت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP