هەرێم نیوز
لە کاتێکدا شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەچێتە پێنجەمین ڕۆژی خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ لە هەنگاوێکی نائاساییدا بۆ سەرۆکی وڵاتێک کە ڕاستەوخۆ دەستی لەو شەڕەدا نەبووە، داوایەکی بێ پێشینەی بۆ هاووڵاتیانی تاران دەرکردووە کە دەستبەجێ پایتەخت بەجێبهێڵن. هەنگاوێکی لەو شێوەیە مانای چییە؟
ئەمەش لەگەڵ زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا، بێ گومان ئەمریکا زیاتر لە جاران دەخاتە لێواری شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، بەڵام بە پێی وەڵامی تاران، وا دیارە هێشتا چانسی پێشگرتن لە تێکدانی زیاتری ژێرخانی ئابووری و کوشتنی خەڵکی بێ تاوانی مەدەنی لە ئارادایە.
ئەوەی ترەمپ ویستوویەتی لە دانوستان ڕێککەوتن نەبووە، ئەوەی ترامپ دەیویست، خۆبەدەستەوەدانی ئێران بوو لە ڕێی دانوستان بەبێ توندوتیژی و کردەوەی سەربازی.
ئەو دەیویست ئێران لە ڕێگەی دانوستانەوە ڕازی بێت بە:
1- بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە؛
2- بەرنامەی مووشەکی خۆی ڕابگرێت، لەوانەش مووشەکی بالیستیکی مەودای مامناوەند و دوور
3- تۆڕی هێزە بەوەکالەتەکانی هەڵبوەشێنێتەوە، خۆی لە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بەدوور بگرێت و کۆتایی بە پشتیوانییەکانی بۆ تیرۆر بهێنێت.
بەرپرسانی ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێک ئەم سێ داخوازییەیان خستووەتە ڕوو و قبووڵکردنی هەر سێ مەرجەکە، بەبێ هیچ ئەمما و ئەگەرێک، بە مانای تەسلیمبوونی تەواوەتی ئێرانە (بێگومان بە ئیمتیازی مانەوە لە دەسەڵاتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران).
پرسی ئەتۆمی دوو دەیەیە و خودی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران چوار دەیەیە فاکتەری ناسەقامگیرکەری نەزمی ناوچەیی و جیهانی بووە. ترەمپ هەرگیز قبووڵی ناکات کە شانازیی چارەسەرکردنی ئەم ململانێیانە بۆ ئیسرائیل و بنیامین ناتانیاهۆ بێت.
بۆیە دەستێوەردان لە شەڕی ئێستادا، جا چ لە ڕێگەی هەڕەشە و نمایشی دەسەڵاتەوە بێت یان لە ڕێگەی بەشداری ڕاستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرەکان دژ بە هەڵوێستەکانی ئێران، پێدەچێت دیارترین کردار بێت بۆ کەسێکی وەک ترامپ کە بیکات، بە تایبەت کە ئێران تەنیا پێنج ڕۆژ دوای هێرشەکانی ئیسرائیل گورزی وەهای بەرکەوتووە کە ڕووخانی بۆتە واقیعێکی نزیک.
بۆ ترەمپ، تەسلیمکردنی ئێران و جێبەجێکردنی ئەو سێ مەرجە بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بچێتە ناو شەڕەوە و هیچ تەقەیەک بکات، سەرکەوتنێکی گەورە. لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا تاڕادەیەکی زۆر پەردەپۆشی شکستهێنان لە ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان و هەروەها بەرقەرارکردنی ئاشتی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا دەکات.
بۆیە هەرچەندە ترەمپ داوای چۆڵکردنی دەستبەجێی تاران دەکات، بەڵام داوای لە تیمەکەی کردووە بە زووترین کات لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کۆببنەوە بۆ ئەوەی دوا هەل بدرێت بە ڕێژیمی ئیسلامی بۆ قبوڵکردنی خۆبەدەستەوەدانەکە، ئێستا و پێش هێرشی زیاتر.
ئەگەر ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی خامنەیی بەردەوام بێت لە هەڕەشە و دوودڵ بێت لە قبوڵکردنی پێشنیاری تەسلیمبوونەکەی ترەمپ، ئەوا بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی هێرشەکەی ئیسرائیلدا حەتمی دەبێت. بەڵام ئەوکات "پێدەچێت" تەنیا لە سەپاندنی ئەو سێ مەرجەی باسکرا کورت نەبێتەوە و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕووخێنێت.
فەرمانی ترەمپ بۆ چۆڵکردنی دەستبەجێی تاران، لە کاتێکدا ئەمریکا ڕاستەوخۆ لە شەڕدا لەگەڵ ئێراندا نییە، گوشارەکانی سەر ڕێژیمی ئێران کە لە ئێستاوە لە دۆخێکی خراپدایە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. ماوەیەکی زۆرە ئێران توانیویەتی وێنەیەکی بەهێز لە دەسەڵات و هێزی خۆی بە هەموو کەسێک لە ناوخۆ و دەرەوە پێشکەش بکات. بەڵام دەوترێت ئێران ڕاستە توانای لێدانی مووشەکی لە ئیسرائیل هەیە، بەڵام هەرگیز توانای بردنەوەی جەنگەکەی نییە، ئەم فەرمانەی ترەمپیش واتە ئەگەر مەرجەکان قبوڵ نەکات، ئەمریکاش دەتوانێت بێتە جەنگەکەوە.