هەرێم نیوز
یەحیل لایتەر باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە توانای سەربازیی هەیە بۆ لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فۆردۆی ئێران بە تەواوی. وتی فۆردۆ بە یەکێک لە ئامانجە قورسەکان دادەنرێت بۆ هێرشی سەربازی بەهۆی شوێنی ژێرزەمینییەوە.
باڵیۆزی ئیسرائیل بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: تاکە وڵاتێک کە جۆری بۆمبی پێویستی هەیە بۆ لەناوبردنی بنکەی ئەتۆمی فۆردو ئەمریکایە، بڕیارێکە کە واشنتۆن دەبێت بیدات کە ئایا ئەم ڕێگایە هەڵبژێرێت یان نا.
ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئیسرائیل دەکات بۆ لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل پێویستی بە بۆمبی سەنگەرشکێن و بۆمبهاوێژی گەورە هەیە بۆ لەناوبردنی فۆردۆ، بەڵام ئەو وڵاتە نییەتی.
دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ؟
دامەزراوەی ئەتۆمی شەهید عەلی محەمەدی، یان دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ، یەکێکە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە قووڵایی 90 مەتری ناوچەیەکی سەخت و بەردین لە کیلۆمەتری 25ی ڕێگای قوم-تاران دروستکراوە.
حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئاشکراکردنی کاربەدەستانی هەواڵگریی ئەمریکا و فەرەنسا، دانی بە بوونی دامەزراوەی ژێرزەمینیی فۆردودا نا. ئێران ڕایگەیاندووە کە بۆ "سەلامەتی خەڵک" و هەروەها بۆ دوورکەوتنەوە لە "هێرشی ئاسمانی ئەگەری"، سەنتەرفیوجەکانی بۆ ئەم دامەزراوە ژێرزەمینییە لە قووڵایی شاخەکاندا گواستووەتەوە.
جۆناسان شانزەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسیەکان بە i24ی ڕاگەیاندووە، "بۆمبێکی سەنگەرشکێن لە سایتی فۆردۆ دەتوانێت کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک ئێران دەبینێت کە ئەمریکا ئامادەیە ئەم کارە بکات، دەکرێت ئەو ساتە بێت بۆ ئەوەی خۆیان ڕادەست بکەن و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیلییەکان زۆربەی کارەکانیان ئەنجامداوە و پێدەچێت دەستێوەردانەکانی ئەمریکا تەنها وەک هەنگاوی کۆتایی بێت. هاتنەناوەوەی دەتوانێت گورزی کۆتایی بێت لە ڕژێمی ئێران، چونکە هەرکات ئێران درکی بەوە کرد کە ئەمریکا دەستوەردانی کردووە، تێدەگەن کە ئیتر هیچ چانسی سەرکەوتنیان نییە.
جۆناسان شانزەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران نەمێنن و ئیسرائیل ئازادییەکی تەواوی هەبێت لەو وڵاتەدا، ئەوا بە شێوەیەکی کاریگەر شەڕەکەیان دۆڕاندووە. تاکە شتێک کە ماونەتەوە مووشەکی بالیستیکن کە بەردەوامن لە هەڵدانی بۆ ئیسرائیل.
ئەمریکا دەتوانێت گرێکوێرەکە بکاتەوە
ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی کە مەودای فڕینی دوورە لە ئێرانەوە، فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری گەورە و بۆمبی سەنگەرشکێنی هەیە بۆ لێدان لەم دامەزراوەیە و هەر ئەمەش وایکردووە ئیسرائیل زۆر جەخت لەوە بکاتەوە ئەمریکا بهێنێتە جەنگەکەوە.
بەپێی وتەی باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، دامەزراوە ئەتۆمییەکەی فۆردۆ تەنها دەتوانرێت لەئاسمانەوە لەناوببرێت بەبەکارهێنانی مووشەکی ناسراو بە GBU-57/B.کێشی ئەو بۆمبە گەورەیە ئەمریکییە نزیکەی 30 هەزار پاوندەو کڵاوەیەکی جەنگی هەڵگرتوە کە کێشی زیاتر لەپێنج هەزار پاوندە.
لە مادیەکی پۆڵایینی پێشکەوتوو دروستکراوە کە ڕێگەی پێدەدات بچێتە ناو بنکە قایمکراوە پتەوەکانەوە، بەڵام تەنها لەفڕۆکە بۆمب هاوێژە شەبەحییەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا (B-2)ەوە دەتوانرێت بخرێتە خوارەوە.