دواین هەواڵ

جیهان‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

مانا شاراوەکانى بەرگرییەکەى پاکستان لە ئێران

هەرێم نیوز

خواجە ئاسف وەزیری بەرگریی پاکستان رایگەیاند وڵاتەکەى لە پشتى ئێرانە لە بەرامبەر خواستە دوژمنکارانەکەى ئیسرائیل دا و ئەمەى لەبەردەم کۆبوونەوەى گشتى ئەنجوومەنی نیشتمانى وڵاتەکەیدا گوت کە هێرشەکەی سەر ئێرانى مەحکوومکرد، بووە هۆی وێرانکردن و تێکدانى دامەزراوە سەربازیی و ئەتۆمییەکان و کوژرانى ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازییەکان.

لەگوتارەکەیدا خواجە گوتى: ئێران وڵاتێکى دراوسێمانە چەندین سەدەیە پێکەوەین، لەم نەهامەتی و ناخۆشییەدا بەرۆکی گرتووە ئەرکی ئێمەیە بیپارێزین ، ئێرانیەکان برامانن بەشداریی ناخۆشى و نەهامەتییەکانیانین.

وەزیری بەرگریی پاکستان گوتیشى: ئیسرائیل لەیەک کاتدا پەلاماری یەمەن، فەلەستین و ئێران دەدات، هەربۆیە لە هەموو کات یەکگرتنی نەتەوە ئیسلامییەکان پێویستترە و بووەتە شتێکى حەتمی، ئەگەر ئەمڕۆ بێدەنگی هەڵببژێرین ئەوا  هەموومان دەکرێینە ئامانج.

جەختیشى کردەوە کۆبوونەوەى رێکخراوى هاریکاریی ئیسلامیی زۆر پێویستە ئەنجام بدرێت و پێویستە هەموو وڵاتانى ئیسلامی یەکهەڵوێست بن لەبەرامبەر ئیسرائیل دا. گوتیشى گەل و نەتەوە ناموسڵمانەکان لە رۆژئاوا خۆپیشاندان دەکەن و نیگەرانن لەبەرامبەر سیاسەتەکانى ئیسرائیل و ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانى ئیسلامیی.

ئاسف جەختیشى کردەوە پاکستان پێگەى خۆی دەپاریزێت لەیەکەم رۆژەوە کە ئیسرائیل دامەزراوە و تا ئێستاش دانى بەو دەوڵەدا نەناوە و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیی لەگەڵدا گرێ نەداوە، سەرجەم وڵاتانى ئیسلامیشى هاندا دەست بکەن بە بچڕانى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەگەر ئیسرائیلیش دەستى هێنا ئەوا ئەوان دەستەکەى رەتبکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP