هەرێم نیوز
ماوەیەکى زۆرە هەرکاتێک شتێک لە ئێران روودەدات یەکسەر پەنا بۆ تاوانبارکردنى ئیسرائیل دەبرێت، لەکوشتنى بەرپرسان و شارەزایانەوە بیگرە تا دەگاتە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى، بەڵام ئەمە لەسەرەتاوە وەک دەنگۆ سەیر دەکرا، تا ئەو کاتەى ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لەنێو پارێزراوترین جێگەدا و لەسەر جێگەکەى کوژرا، ئیتر ئەوە بووە بابەتێکى جدی و تەنانەت کوژرانى حەسەن نەسروڵاش بەشێک بوو لەو پلانانە.
بڵاوبوونەوەى گرتەیەکی ڤیدۆیی مەحمود ئەحمەدی نەژاد"سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران" یش لە گرتەیەکى مەحرەمانەى ڤیۆییدا دەڵێت: حکومەت لیژنەیەکی دروستکردووە بۆ ئەوەى دەستى ئیسرائیل لە ئێران ببڕن، کەچى پاش ماوەیەک دەردەکەوێت خودی سەرۆکی لیژنەکە یەکێک بووە لە سیخوڕ و پیاوەکانى ئیسرائیل، ئیتر هیچ گومانێک نەمایەوە بۆ ئەوەى بگوترێت ئیسرائیل ئێرانى لەناوخۆدا هەڵوەشاندووە، لە کەوانەیەکیشدا( ئەحمەدی نەژاد خۆشی بەیەکێک لەو سەرکردانە دادەنرێت کە خاتری ئیسرائیل زۆر دەگرێت).
لە دواى هێرشەکانى هەرینیش بەرپرسێکی سەربازیی پلەباڵاى ئیسرائیل رایگەیاند، پرۆسەى لەناوبردنى بەرپرسە باڵاکانى ئێران بە گوێرەى زانیاریی هەواڵگریی بووە، گوتیشى ساڵێکە گروپێکى تایبەتى بۆ دروستکراوە و کار لەسەر هێرشێکى جەرگبڕ دەکەن کە لەناوخۆی ئێرانەوە پشتیوانى بکرێت، هێزی ئاسمانى ئیسرائیلیش پشتیوانى بکات، بەرپرسەکە رایگەیاندووە بیرۆکەى چاودێریکردنیان دواى هێرشەکانى ساڵی پار هاتە ئاراوە کاتێک ئێران هێرشى کردە سەر ئیسرائیل، ئیسرائیل توانى رێژەیەکى زۆر چەک و فرۆکەى بێفرۆکەوان بباتە ئێرانەوە، ئامانجەکان بە وردى دیاریی بکات، بەشێک لە ئەندامەکانى لەناو تاراندا نیشتەجێ بکات و بەشێکى دیکەیان لەنێو پارێزگاکان، ئەو گروپانە لەناوخۆدا ئەوەندە بە وردی کارەکانیان کردووە کە لەماڵی هەندێک لە بەرپرسەکاندا زیان بە ماڵ و منداڵەکانیشیان نەگەشتووە، ئەو بەرپرسە باڵایە گوتوشیەتى گروپێکى تایبەت لە شوێنێک لە نزیک تارانى پایتەختەوە کارەکانیان ئەنجامداوە.
وەزارەتى ئیتڵاعاتیش لە بانگەوازێکدا کە لە میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە داواى لە هەموو لایەک کرد هەر هاووڵاتییەک دیاردەیەکی نامۆی بینیی بەخێرایی تەلەفۆن بۆ لایەنى پەیوەندیدار بکەن و بەتایبەتى چاودێریی ئۆتۆمبێلى سەرداپۆشراو بکەن گەورەبێت یان بچووک، دواى ئەو بانگەوازەش رایگەیاند ئۆتۆمبێلێکیان لە نزیکی تاران دەستبەسەردا گرتووە کە درۆنی ئیسرائیلى تێدا بووە، هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن هەواڵگریی ئیسرائیل مۆخی ئێرانى خواردووە، خۆی خزاندووەتە نێو شوێنە هەستیارەکانى ئێرانەوە.