هەرێم نیوز
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە جگە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان و فەرماندە سەربازییەکان، زانایانی ئەتۆمی ئێرانیش لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کراونەتە ئامانج. ئەوانە کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆبوون و ڕۆڵی گرنگریان لە بواری وزەی ئەتۆمی ئێراندا هەبوو.
پاش چەند کاتژمێرێک ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران ناوی شەش "زانای ئەتۆمی"یان ڕاگەیاند کە لەو هێرشانەدا کوژراون: عەبدولحەمید مینوچهر، ئەحمەدرەزا زوڵفەقاری، ئەمیرحوسێن فقهی، مۆتەلیبزادە، محەمەد مەهدی تارانچی و فەرەیدوون عەباسی.
لە نێویاندا، فەرەیدوون عەباسی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و ئەندامی پێشووی پەرلەمان و محەمەد مەهدی تارانچی، سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی ئێران، ناوێکی ناسراوتر بوون.
خاڵێکی دیار لە پاشخانی زۆربەی ئەو کەسانەدا ئەندامێتییان بوو لە فاکەڵتی زانکۆی بەهەشتی تاران یان وانەوتنەوە لەو زانکۆیە. بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی بەهەشتی لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە پێنج کەس لەو شەش کەسە (جگە لە موتەڵیبزادە) پرۆفیسۆری زانکۆکە بوون و ڕایگەیاند کە "بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان"یش کوژراون.
محەممەد مەهدی تارانچی
ناوی محەممەد مەهدی تارانچی نەک تەنیا بەهۆی بەرپرسیارێتییە ئەکادیمییەکانییەوە، بەڵکو بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ "پڕۆژەی ئاماد" لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێراندا هاتووە. ئەو پڕۆژەیە ئەمریکا و ئیسرائیل بە پڕۆژەی نهێنی ئێران دەزانن بۆ بەدەستهێنانی توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
لە بەڵگەنامەکانی ئیسرائیل کە لە ساڵی ٢٠١٨دا پێشکەشی کردووە و لەلایەن دامەزراوەکانی وەک پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەڵسەنگێندراوە، تارانچی لەم پلانەدا وەک یەکێک لە کەسایەتییە زانستییەکانی پڕۆژەکانی پەیوەست بە ھاوشێوەکردنی تەقینەوەی ئەتۆمی و بەرھەمھێنانی کەرەستەی تایبەتی وەک یۆرانیۆم- دیوتریۆم دەناسێنرێت.
پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢١دا لەژێر ناوی "خاڵی سەرەکی لە هەوڵە مەترسیدارەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی" نووسیویەتی لە پێنج کەسایەتی سەرەکیی پڕۆژەی "ئاماد" کە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە گۆڕینی ڕێڕەوی بەرنامەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٣دا، سێ کەسیان تیرۆرکراون و دوو کەسی دیکەش لە هەوڵی تیرۆرکردنەکە ڕزگاریان بووە.
مەسعوود عەلیمحەمەدی پێشتر بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کوژرا، مەجید شەهریاری یەکێکی دیکە لە "کەسایەتییە سەرەکییەکان"ی پڕۆژەی ئاماد بوو کە ساڵێک دوای عەلیمحەمەدی تیرۆر کرا و هەرە بەرزترینی ئەو هەوڵە تیرۆرکردنانە بە ئامانجگرتنی موحسین فەخریزادە بوو کە لە ٢٠٢٠دا کوژرا.
ئەو دوو کەسەی کە لە کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەدا لەلایەن پەیمانگای زانست و ئاسایشەوە لە ژیاندا بوون، بریتین لە فەرەیدوون عەباسی و محەمەد مەهدی تارانچی کە هەردووکیان لە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل کوژران.
فەرەیدوون عەباسی
فێریدون عەباسی، کەسایەتییەکی دیار بووە لە بواری ئەتۆمی ئێراندا. لە ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١٣ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی مەحمود ئەحمەدی نژاد، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بووە.
عەباسی نوێنەری پێشتر ئەندامی پەرلەمان بووە و هەروەها سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنی وزەی پەرلەمانی ئێران بووە.
بەشداری شەڕی ئێران و عێراقی کردووە و پلەکەی تاوەکو عەمید لە سوپای پاسداران بەرزبووەتەوە. ساڵانێکی زۆر ئەندامی لیژنەی زانستی لە زانکۆی ئیمام حوسێنی سەر بە سوپای پاسداران کاری کردووە و بۆ ماوەیەک وەک سەرۆکی فاکەڵتی فیزیک و پەیمانگەی توێژینەوەی لەیزەر و پلازما لە زانکۆی بەهەشتی کاری کردووە.
عەباسی پێشتر لە بوارەکانی فیزیای تیشکدانەوە، لەیزەر، تەکنەلۆژیای پلازما و بەکارهێنانی ئەتۆمی لە پیشەسازی و پزیشکیدا وانەبێژ و لێکۆڵینەوەی کردووە و هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی کۆمەڵەی ئەتۆمی ئێران بووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٢ سزای بەسەردا سەپاند بەهۆی ئەوەی بە "ڕۆڵی لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ" ناوی بردووە. هەروەها یەکێتی ئەوروپا لە ٢٠٢٣دا عەباسی خستە ژێر سنووردارکردنی دارایی و گەشتکردن.
ئەکبەر موتەڵبیزادە
تاکە کەس بوو بە پێچەوانەی پێنج کەسەکەی ترەوە هیچ زانیاری و وێنەیەکی بڵاونەکرایەوە. کەسایەتییەکی کەمتر ناسراو بەڵام گرنگ بووە لە پێکهاتەی تەکنیکی و ڕێکخراوەیی بەرنامە سەربازییەکانی ئێراندا. ساڵانێکی زۆر وەک بەرپرسی “گرووپی شەهید کەریمی” کە لقێکی ڕێکخراوی پڕۆژەکانی توێژینەوەی پێشکەوتووی بەرگرییە، کاری کردووە.
بەپێی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا- کە لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا سزای ئەو گرووپە و ناوبراویان سەپاندووە- "گرووپی شەهید کەریمی" لە بوارەکانی وەک لێکۆڵینەوە لە سیستەمی چەک، تەقەمەنی و تاقیکردنەوەی تەقینەوە چالاک بووە.
بەپێی وتەی حکومەتی ئەمریکا، موتەڵبیزادە سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی کردووە کە کارکردی سەربازییان لەم گرووپەدا هەبووە و ئەو تا ئەو ڕادەیەی کە وەک ڕاوێژکاری تایبەتی موحسین فەخریزادە، سەرۆکی ئەوکاتەی ڕێکخراوی پڕۆژەکانی توێژینەوەی پێشکەوتووی بەرگری بووە.
عەبدولحەمید مینوچهر
ناوی ناوبراو بە تایبەتی لە توێژینەوەکانی پەیوەست بە پیتاندنی یۆرانیۆمدا دیارە، کە یەکێکە لە لایەنە هەستیارەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
ناوبراو ئەندامی لیژنەی زانستی زانکۆی بەهەشتی بووە، هەروەها ڕاگری فاکەڵتی ئەندازیاری ئەتۆمی زانکۆ بووە، بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، دکتۆرای لە ئەندازیاری ئەتۆمی لە زانکۆی مۆسکۆ وەرگرتووە.
ئەحمەدڕەزا زولفەقاری
ناوی ئەحمەدرەزا لە زۆرێک لە بابەتەکانی لێکۆڵینەوە لە بواری فیزیای ناوکیدا هاتووە، شانبەشانی عەبدولحەمید مینوچهر. ئەندامی لیژنەی زانستی زانکۆی بەهەشتی و مامۆستای یاریدەدەر بوو لە فاکەڵتی ئەندازیاری ئەتۆمی زانکۆکە.
میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئەو دوو کەسە "بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە پڕۆژە نیشتمانی و ستراتیژییەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی ئێران کردووە.
محەممەدحوسێن فقهی
مامۆستای فیزیای ناوکی و ئەندامی لیژنەی زانستی لە زانکۆی بەهەشتی، بە یەکێک لە کەسایەتییە ئەکادیمییە چالاکەکانی بواری زانست و تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی لە ئێران ناسرابوو.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، جگە لە وانەوتنەوە، بەرپرسیارێتیەکانی وەک بەڕێوەبردنی بەشی ئەندازیاری ئەتۆمی، بەڕێوەبردنی کاروباری فاکەڵتی، هەروەها ئەندامی دەستەی وردبینی بەرزی زانکۆی بێهەشتی هەبووە.
محەممەد ئیسلامی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئەم کەسەی وەک بەرپرسی پەیمانگای توێژینەوەی زانست و تەکنۆلۆژیای ناوەکی دەستنیشان کردبوو، پێش ئەوە وەک ڕاوێژکار و یاریدەدەری تایبەتی سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەستنیشان کرابوو.
لە وتار و چاوپێکەوتنەکانیدا بە شێوەیەکی سەرەکی باسی لە لقی پزیشکی ئەتۆمی و دەستکەوتەکانی زانایانی ئێرانی لەو بوارەدا دەکرد.