دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا لە دوو بنکەی دیکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کشایەوە

هەرێم نیوز

ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە دوو بنکەی دیکە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کشاونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی خێراترکردنی هەنگاوی کشانەوەی ئەمریکا و مەزڵوم عەبدی دەڵێت، ئەم کارە ڕێگا خۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش.

ڕۆیتەرز دەڵێت پەیامنێرانی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە هەفتەی ڕابردوو سەردانی ئەو دوو بنکەیان کردبوو، دەرکەوت کە تا ڕادەیەکی زۆر چۆڵ بوون و هەردووکیان لەلایەن گروپە بچووکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پاسەوانی دەکران.

بەمەش ژمارەی ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکا لە سوریا کە لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە سوریا چۆڵکراون، لانیکەم گەیشتووەتە چوار بنکە.

ئیدارەی ترەمپ لەم مانگەدا ڕایگەیاند، ئامادەیی سەربازی خۆی لە سوریا لە هەشت بنکە بۆ یەک بنکە لە بەشێک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا [ڕۆژئاوای کوردستان] کەمدەکاتەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە، ژمارەی سەربازەکان لە کەمکردنەوەکەدا دەتوانێت لە 2 هەزارەوە بۆ 500 سەرباز دابەزێت.

بەڵام مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە بنکەیەکی دیکەی ئەمریکی، ئەلشەدادی، ڕایگەیاند، بوونی چەند سەد سەربازێک لە بنکەیەکدا ڕادەی "پێویست نییە" بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڕەشەکانی داعش.

وتیشی: لەم دواییانەدا مەترسییەکانی داعش بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. "بەڵام ئەمە پلانی سوپای ئەمریکایە. ئێمە ماوەیەکی زۆرە لەبارەیەوە دەزانین... و لەگەڵیان کاردەکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هیچ کێشەیەک ڕوونادات و دەتوانین فشارەکان لەسەر داعش بهێڵینەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP