هەرێم نیوز
بە سەرپەرشتیی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە و چەند بڕگەیەك تاوتوێ دەكرێن.
کاتژمێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات.
کۆبوونەوەکە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە هەولێر بەڕێوە دەچێت و دوو بڕگە تاوتوێ دەکرێن:
بڕگەی یەکەم:
بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران كە بۆ ماوەی دوو مانگە بە بڕیارێكی نادەستووریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و دواهەوڵەكانی چارەسەری ئەم بابەتە، تاوتوێ دەكرێت.
بڕگەی دووەم:
ڕاپۆرتی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاریی بەرەوپێشچوونەكان لەمبارەیەوە گفتوگۆ دەكرێت.