دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

شاندێکی باڵای عێراق سەردانی هەولێر دەکات

هەرێم نیوز 

بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکى باڵای حکومەتى عێراق سەردانى هەولێر بکات، پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کورستان دەبێت.

بەگوێرەى زانیارییەکان، شاندەکە لە وەزارەتى نەوتى عێراق، کۆمپانیاى سۆمۆ، دیوانى چاودێریی دارایی عێراق و نوێنەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوور پێکهاتوون.

 هەر بەگوێرەی زانیارییەکان ، فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە و جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەناو شاندەکەدان و پاش گەیشتنیان بە هەولێر بڕیارە کۆبوونەوەکانیان دەستپێبکەن.

 ئەوەش زانراوە، شاندەکە بە رێنمایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

یەکێک لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکەشیان پرسی دووبارە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانە، بەشێوەیەک کە شاندەکە بڕیارى کۆتاییان لایە و دەتوانن رێککەوتن بکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، شاندێکی باڵا لە عێراقەوە دێتە هەرێمی کوردستان کە بڕیاریان بەدەستە و ئومێد دەکەن، لەم دوو رۆژەدا پرسی مووچە چارەسەر بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP