هەرێم نیوز
بیرکردنەوە لە پرۆژە ستراتیژییەکان وایکردووە لە چین کێبەرکێی ئابوری لەگەڵ ئەمریکا بکات و چاوى جیهانیش لەسەر پرۆژە ستراتیژییەکانیەتى، ئەوەتا خەریکە جێ پێى ئەمریکا لەقدەکات لە ئابوریدا و ئاویش دەکاتە ژێر پیشەسازییە جۆراوجۆرەکانى ژاپۆن و ئەڵمانیا، هەربۆیە دەبێت کورد ئەم راستییانە بە جدییەوە وەبگرێت و جیهانیانە رەفتار بکات و هەلەکان بقۆزێتەوە تا لە کاروانەکە جێنەمێنێت.
شی جینپینگ سەرۆكی چین پرۆژەی پشتێن و رێگا کە پێشتر پێیدەگوترا (رێگای ئاوریشم) بە شێوەیەکى فراوانتر نوێکردووەتەوە، وەك ڕێگایەك بۆ خۆشگوزەرانی و ئاشتی جیهانی، جەخت دەكاتەوە لە پەرەپێدانی گەشەپێدانی ئابووری و كەمكردنەوەی هەژاری و بەرزكردنەوەی پەیوەندی نێوان گەلاندا رۆڵی سەرەکی دەبێت، زیاتر لە 60 وڵاتى هەرسێ کیشوەرى ئاسیا و ئەفریقیا و ئەوروپا دەگرێتەوە، وەبەرهێنان زیاد دەکات، ژێرخانی ئابووری و بازرگانی دەبوژێنێتەوە، ئەو وڵات و گەلانەش توانا داراییەکەیان رێگەیان پێنادات کارەکتەرى سەرەکی بن لەو پرۆژەیەدا(وەک کورد) هەلی كاریان بۆ دەڕەخسێنێت و دەبن بەبەشێک لە پرۆژەکە.
شی جینپینگ داكۆكی دەكات كە وڵاتان پێكەوە كاربكەن بەرەو ئامانجە هاوبەشەكان، پێیوایە ئەم ڕۆحیەتى هاوكارییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە كەمكردنەوەی ململانێكان و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و بنیاتنانی بناغەیەك بۆ ئاشتی درێژخایەن ئەگەر نەشگوترێت بەردەوام، پرۆژەکە هەوڵدەدات وڵاتان لە ڕێگەی تۆڕێكی هێڵی ئاسن و بەندەر و ڕێگاوبان و پڕۆژەكانی ژێرخانی دیكەوە شەست وڵاتى هەر سێ کیشوەرى ئاسیا، ئەفریقیا و ئەوروپا، بەیەكەوە ببەستێتەوە،کە هەر چوار پارچەى کوردستانى تێدەکەوێت و ئەمەش بۆ کورد پێشینەى نەبووە و دەرفەتێکی باشە بۆ بوژانەوە و بگرە بازدان، وەک شارەزایان باسی دەکەن پرۆژەکە پێچەوانەیە لەگەڵ ئامانجی ئەو وڵاتانەدا کە لەجەنگ و ناسەقامگیرییدا گەشەى خۆیان دەبیننەوە، مەترسی رێگریکردنى هەیە هەر بۆیە بەردەوام ئەمریکا چاوێکى لەسەر چینە.
كاریگەرییە سەرەكییەكانی بریتین لە دروستكردن و بوژاندنەوەی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن و بەندەر و فڕۆكەخانە بەمەبەستى كەمكردنەوەی تێچووی گواستنەوە بە کەرتى وزەشەوە، باشتركردنی ژێرخانی وەبەرهێنانی بیانیی و دەستڕاگەیشتن بە بازاڕ بۆ بەرهەمە ناوخۆییەكان.
ملیۆنان هەلی كار لە بواری بیناسازیی و ئەندازیاریی و لۆجستی و كەرتە پەیوەندیدارەكاندا دابین دەكات، هەژاریی کەمدەکاتەوە و كوالیتی ژیان بەرز دەكاتەوە، لە بواری پەروەردە و ژێرخانی تەكنەلۆجیدا، كاریگەرییەكی بەردەوامی دەبێت لەسەر پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی و داهێنان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو هەژاردا، کەبۆ کورد زۆر گرنگە لەبەر ئەوەى ئەو وڵاتانەى کوردیان بەسەردا دابەشکراوە بەردەوام رێگربوون لە سوود وەرگرتن لەو هەلانە کە هاتوونەتە پێشەوە، سەكۆیەكە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و دروستكردنی متمانە و دەرویەکی دیکەیە بۆ کورد کە بوونی خۆی تێدا بسەلمێنێت، پرۆژەکە دەتوانێت گرژی و ململانێ مێژووییەكان كەم بكاتەوە بە پەروەردەكردنی هەستكردن بە ئامانجی هاوبەش و سوودی هاوبەش وەك دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و نیشتەجێبوون.
هەرچەندە لەوانەشە هێندە بە ئاسانى رێگە نەدرێت کە کورد ببێتە یەکێک لە سودمەندە سەرەکییەکان لەبەر ئەو ناکۆکییانەى وڵاتان لەمێژوودا هەیانبووە، بەڵام تواناى ئیدارەدانی دەکەوێتەوە سەر کارەکتەرەکانى کورد کە چەندە دەتوانن پرۆژەکە بقۆزنەوە و خۆیانى لەگەڵدا بگونجێنن، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی ئەوەش هەیە خواستە نەتەوەیی و کلتوورییەکانى کورد ببن بەژێرپێى پرۆژەکەوە، لەبەر ئەوەى بابەتەکە شێوە گڵۆباڵییەکى پێوە دیارە، بۆ چارەسەرى ئەوە، ڕەنگە شوێنەوارە كولتوورییەكان لە ناوچە كوردنشینەكاندا هاوکاربن لە زیادبوونی گەشتیاریی و لەوێوە کار بۆپاراستنی كولتووری لەو رێگەیەوە کێشە نەتەوەییەکانى بخاتەوە بەرچاوى گەلان.
ڕێگە بە کولتوری کوردی دەدات لەسەر شانۆیەکی جیهانی گەشە بکات و لە ڕووی ئابووریشەوە یارییەکە بگۆڕێت، لەبەرئەوەى ڕێڕەوی بازرگانی نوێ و پڕۆژەی ژێرخانی ناوچەکانی کوردستان بەڕووی بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەکاتەوە.
ئەم بوومەلەرزە ئابوورییە، پیشەسازییە ناوخۆییەکان دەگۆڕێت، کۆمەڵگە لە کشتوکاڵى خۆژێنییەوە دەگۆڕێت بۆ بەرهەمهێنان، دەرفەتی بازرگانی نوێ بۆ کورد دروست دەکات لەگەڵ چین و شەست وڵاتى دیکە، ئاسانکاری بۆ هاتنە ژوورەوە و دەرچوونی کاڵا لە ناوچە کوردستانییەکان دەکات، وەبەرهێنانی بیانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و بازرگانی ناوخۆیی بەرەوپێش دەبات.
بە کورتی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگای چین تەنها دروستکردنی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن نییە. پەیوەستە بە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەقامگیری سیاسی و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و گەشەسەندنی ئابووری و گەشەی بازرگانی لە ناوچە کوردستانییەکاندا.
ئەگەر ریگای ئاوریشمی كۆن شۆڕشێکی گەورەی لە بازرگانی نێوان چین و ڕۆمادا کردووە، هیندستان و باشووری ئاسیا و باکووری ئەفریقا و دەریای سووری بەیەکەوە گرێدا. ئەگەر ڕێگای ئاوریشمی کۆن گرنگییەکی بێئەندازەی هەبووبێت بۆ کورد، بووبێتە هۆی گەشەسەندنی ناوەند و بازاڕەکانی بازرگانی و ڕەخساندنی دەرفەتی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە ، سەرچاوەی داهات بووبێت بۆ میرنشینە کوردییەکان کە لە باشووری دەریای خەزەرەوە تا دەریای عەرەبی درێژبووبونەوە.
ئەوا پرۆژەی پشتێن و ڕێگا، کاریگەری لەسەر پێکهاتە کوردییەکان و داینامیکی جیۆپۆلیتیکی هەیە، ئایندەی پەیوەندییەکانی کورد و چین لە ژێر کاریگەری فاکتەرە جۆراوجۆرەکاندا دروستدەکات، هەربۆیە دەبێت کورد بە بەرچاوڕوونى و جدییەتەوە لەم پرۆژەیە بڕوانێت و دەست و پەنجەى لەگەڵ نەرم بکات، چونکە ئەمە قۆناغ و دەرفەرتێکى نوێیە هاتووەتە پێشەوە و نابێت نادیدە بگیرێت.
بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، کورد چۆن دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین بەڕێوەببات لە هەمان کاتدا پارێزگاری لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی وەک ئەمریکا و رۆژئاوا بکات و نەکەوێتە بەر ئەو گورزانەى جاروبار لە نەیارەکانى دەدات، لەبری سود بە زیان بەسەریدا نەشکێتەوە؟