دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

بەهۆی راگرتنى هاوردەى غازی ئێرانەوە کێشەى کارەبا لە عێراق قوڵتردەبێتەوە

هەرێم نیوز

سەرەڕای ئەوەى وەک هاوکارییەکی ئەمریکا بۆ عێراق کە رێگەى پێدرابوو غاز لە ئێرانەوە هاوردەبکات بۆ ئەوەى لە قەیرانى غاز و کارەبا دەربازی ببێت، ببوە هۆکارێکیش بۆئەوەى ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان ئابورییەکەى ببوژێتەوە و وەک باسیش دەکرێت بەشێک لەو دۆلارەى دەچووە ئەو وڵاتەوە بەو ناوەوە بوو، بەڵام ئەمرۆ وادەکەى کۆتایی هات و ئیتر رێگە پێدراو نییە ئەو غازە لەئێرانەوە هاوردە بکات، بێگومان بۆ دۆزینەوەى شوێنگرەوەى غازە قەدەغەکراوەکە یەکێکە لەو پرسانەى کە ڕووبەڕووی هەمووان دەبێتەوە.

تامی بروس گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند وڵاتەکەی لە هەموو ئەو ئاسانکارییانەى کاتى خۆی بۆ ئێران کراوە پەشیمان بوەتەوە و نایەوێت هیچ دەروویەکی بۆ بهێڵێتەوە، لە لایەکی تریشەوە سکۆت بسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، سزاکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران بەمەبەستی داڕوخانی ئابووریی وڵاتەکە داڕێژراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات هەناردەی رۆژانەی نەوتی ئێران کە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلە کەم بکاتەوە و توانای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لەکاربخات، هەروەها پلانی ئەمریکای بۆ بڕینی دەستڕاگەیشتن بە تاران بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی راگەیاند و گوتیشی: مایەپووچکردنی ئێران خاڵی دەستپێکی سیاسەتی گەمارۆکانمانە. پێشنیازیشی کرد کە ئێرانییەکان هەر تمەنێکیان هەیە بیفرۆشن و هەر دراوێکی دیکەى پێدەکڕن بیکڕن، لە کۆتاییدا گوتی: من ئەگەر ئێرانی بوایەم هەموو پارەکانم دەگۆڕی بۆ دراوی بیانی پێش ئەوەی بەهای نەمێنێت، ئەوەش هەڕەشەی کۆتایی ئەمریکایە بۆ سەر ئێران.

سەعدون لامی ئەندامی لیژنەى نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لەبارەى هاوردەکردنی غازی عێراقەوە رایگەیاند: عێراق هیچ جێگرەوەیەکی بۆ ئەو غازە لەبەردەستدا نییە کە لەئەمڕۆوە لە ئێرانەوە هاوردەناکرێت بۆ ئیشپێکردنى ئەو وێستگە کارەباییانەى کە بە غازکاردەکەن، وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکاش پێشوازیکرد لەو بڕیارەى حکومەتەکەى سودانى کە بڕیاری راوەستاندنى هاوردەى غازی ئێرانى خستوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەندامەکەى لیژنەى نەوت و غازی عێراق راشیگەیاند لە ئەمڕۆوە راگرتنى هاوردەکردنى غاز کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەى کارەباى نیشتمانى دەبێت ئەوە لە کاتێکدا هاوینێکى سەختمان لەبەردەمدایە، بەتایبەتى لە بەغدادی پایتەخت کاریگەریی زۆر دادەنێت، راشیگەیاند ئەگەر عێراق بیەوێت پشت بە غازی ناوخۆ ببەستێت پێویستى بە دوو ساڵ دەبێت تا چارەسەری دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا بژاردەى غازی هەرێمى کوردستان دەروازەیەکە بۆ هەنگاوى ئەرێنى لە نێوان بەغداد بۆ خیراکردن و ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییە ئابورییەکان، ئەندامەکەى پەرلەمانی عێراق گوتیشى ئەگەر لە وڵاتانى دیکەى جگە لە ئێرانەوە هاوردەى بکات چەند مانگێکی پێویستە، گوتیشى عێراق رۆژانە 27 هەزار مێگاوات کارەباى نیشتمانى لە رێگەى غازەوە دابین دەکات و هەندێکجاریش دادەبەزێت بۆ 17 هەزار مێگاوات.

تامی بروس گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکاش رایگەیاند عێراق پابەند دەبێت بەو بڕیارەوە کە 8ـى ئادار کۆتا وادەى هاوردەکردنى غازی ئێرانە. راگرتنی هاوردەکردنى غازی ئێران کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر ژیانى هاووڵاتیان دروستدەکات، بەتایبەتى لە کەرتى پیشەسازیی بەرهەمهێنانى کارەبادا، ئەوە لە کاتێکدا رێژەیەکی زۆر لە کارەباکەى لەرێگەى غازەوە بەرهەم دەهێنرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP