هەرێم نیوز
وابڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە ئاستى باڵادا لە عەمانى پایتەختى ئوردن ئەنجام بدرێت و تیایدا تاووتوێی بابەتە هەنووکەیییەکانى ناوچەکە بکرێت و کۆبوونەوەکەش بریارى هاوبەشى گرنگی تێدا دەدرێت و پێدەچێت پێشهاتەکانى ئەم دواییانەى ناوچەکە بە جدیتر بخرێتە سەر مێزى کۆبوونەوەکە.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەى تورکیا رایگەیاند بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر ئاستى وەزارەتەکانی دەرەوە هەر چوار وڵاتى تورکیا، عێراق، سوریا و ئوردن لە عەمانى پایتەخت کۆببنەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە ئامانجی کۆبوونەوەکە بۆ دانانى پلانێکى چوار قۆڵی هەماهەنگییە لەدواى روداوەکانى ئەم دواییانەى سوریا، راشیگەیاند هەرچوار لا پێکەوە کاردەکەن بۆ لەناوبردنى داعش، شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن پێدەچێت لەسەر مێزی گفتوگۆکان بابەتەکانى کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتى ئێران لە لوبنان و سوریا و عێراق، لەگەڵ دۆخی غەزە لە ئەگەرى مانەوەو نەمانەوەى خەڵکەکەى و ئەگەرەکانى دەستپێکردنەوەى جەنگ، لەگەڵ بابەتى چەکدانانى پارتى کرێکارانى کوردستان و رەوشى رۆژئاواى کوردستان لە گۆڕانکارییەکانى سوریا ببنە بابەتى سەرەکی گفتوگۆکان.
سەرچاوەیەکی دبلۆماسی تورکیاش کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت بە رۆیتەرزی رایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا وێڕاى وەزیرانى دەرەوە وەزیرانى بەرگریی و بەرپرسی یەکەمى دەزگا هەواڵگرییەکانى هەرچوار وڵات بەشداریی دەکەن و پێکەو پلانێکى هاوبەش دادەڕێژن لەبوارى ئاسایش و نەهێشتنى تیرۆر و تاوانى رێکخراودا، گوتیشى تاووتوێی گۆڕانکارییەکانى ئەم دواییانەش بەشێکى دیکە دەبێت لە ئەجێنداى کۆبوونەوەکەیان.
ئەوەى کە جێگەى سەرنجە بەشداربوونى بەرپرسى یەکەمی دەزگا هەواڵگرییەکانى ئەو وڵاتانەیە لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن بوونى ئەوان لە لایەک پێدانى زانیاریی زیاترە لەبارەى روداوەکانى پشت پەردە کە پێدەچێت رێڕەوی گفتوگۆکان بگۆڕێت، بەڵام ئەوەى کە هەمووان پێکەوە دەبەستێتەوە کۆمەڵێک بابەتى گرنگن کە مانەوەى هەردوو وڵاتى عێراق و سوریایە بە یەکپارچەیی و نەهێشتنى مەترسییە بۆ سەر هەر سێ وڵاتەکە، هەڵبژاردنى ئوردنیش بۆ کۆبوونەوەکە چەند ئەگەرێک هەڵدەگرێت لەوانەش، هەرسێ وڵاتەکەى تر رێکنەکەوتبن لەسەر میوانداریی ئەوانى تر، ئوردن پلانێکى نوێی هەبێت بۆ بارودۆخەکان، بەشداریی کردنى لایەنى پەیوەندیداری دیکە (بەنموونە ئەمریکا)، سەرەرای ئەوانەش یەکێکى تر لە بابەتە هەرە گرنگەکان ئەو هەنگاوە نوێیانەیە کە ئیدارەکەى ترەمپ بەرامبەر کێشەکان دەیگرێتە بەر و رۆژنامەى شەرقلئەوسەتیش ئاماژەى بەوەکردووە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 4ـى شوباتی رابوردوەوە دەستى پێکردووە وتا دێت زیاتریش دەبێت، لەدواى جەژنى رەمەزانیشەوە ژمارەیەک لە کەسایەتى و لایەن و میلشیاى عێراقى نزیک لە ئێران دەکەونە بەرگورزی سزاکانى ئەمریکا و تەنانەت هێندە وردی دەکاتەوە کە سزای مەرزێک یان بازگەیەکى گومرگیش بدات...