دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

زیاد ئەسعەد لووتکەی هونەری کوردی

هەرێم نیوز‎

چۆن جارێکی دیکە دەنگی ئەو هونەرمەندە بوویەوە بە ترێند لە کوردستاندا؟

‎لەم ڕۆژانەدا گۆرانییەک بەناوی بێ دڵ بەدەنگی زیاد ئەسعەد بڵاوبووەتەوە، کە وایکرد دوای دوو دەیە لە دوورکەوتنەوە، دواجار گوێگرانی بەدەنگی ئەو هونەرمەندە شادببنەوە، هونەرمەندێک کە چەند دوورکەوتووەتەوە لە هونەر، بەڵام هێشتا خۆشەویستی و تامەزرۆیی خەڵکی نەک کەمی نەکردووە بەڵکو زیاتریش بووە.

‎دوایین گۆرانی زیاد ئەسعەد لە ساڵی 2004 بڵاوکرایەوە، کە گۆرانی (نازە)' بوو دوای ئەوە هیچ گۆرانیەی دیکەی بڵاونەکردووەتەوە.

‎ئێستاش مانەوەی زیاد ئەسعەد دوای زیاتر لە ۲٠ ساڵ لە دورکەوتنەوە لە گۆرانی گوتن، پێمان دەڵێت زیاد بەمانای وشە گۆرانییەکانی گۆرانی بوون و تەماسییان لەگەڵ ڕۆحدا دەکرد، هەرئەمەش وایکردووە هەواداران دوایی ئەو ماوە زۆرە لەبێدەنگی بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی بەرهەمە ناوادەکانی ئەوبن.

‎هەربۆیە گۆرانی بێ دڵ، کەگۆرانییەکی بڵاونەکراوە بوو، لەو ماوە کەمەدا زیاتر لە پێنج ملیۆن بینەری هەبووە، ئەم گۆرانییە سەرەتا ۲۳ چرکەی لێ بڵاوبووەوە، دواتر هونەرمەند گۆران کامیل، وەک وەفایەک ئەم گۆرانییەی بۆ دروستکردووە و بەتەواوەتی بڵاویکردەوە.

‎گۆرانییەکە لەماوەی ۱۲ رۆژی ڕابردوودا ترێندبوو لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا، ئەم گۆرانییە پێشتر بڵاونەکراوەتەوە، بۆیە بەزوویش چووە ناو خەڵکەوە و بەهەزاران هەوادار جارێکی تر کەوتنەوە سۆڕاغی زیاد ئەسعەد.

‎لەم ماوەیەشدا کارێکی ناوازەی هونەری بۆ گەڕانەوەی زیاد ئەسعەد کرا، لەلایەن دەرهێنەر بڕیار فەتاح کە لە شێرکۆ بێکەوە دەستپێدەکات و بەدەیان هونەرمەندیتر گوێی لێدەگرن، کە تا ئێستا بۆ هیچ هونەرمەندێک نەکراوە.

‎زیاد ئەسعەد، لە ساڵی 1983بە گۆرانی دوعا دەکەم دەستی کردووە بە گۆرانی گوتن، خاوەنی پێنج ئەلبوومی گۆرانییە. ئەم هونەرمەندە لە ساڵی ١٩٩٣ رێگای مەرگ دەگرێتە بەرو بەرەو غەریبی دەکشێ، ئیدی بۆ ھەمیشە بڕیاردەدا لە نیشتیمان ھەڵبێ، نیشتیمانێک کە ھیچی بەو نەدا، بەڵام ئەو ھەموو شتێکی پێدا، تە نانەت لە نۆ کابینەی حکومەتدا زیاد هیچ سودمەند نەبووە و تەنانەت خۆی لەدیدارێک دەڵێ یەک داواکاریم لەحکومەت دەکەم ئەویش ئەوەیە کەهیچم بۆ نەکات، ئەوانەشی کەلەنزیکەوە دەیناسن گەواهی ئەوە دەدەن کەهیچکات گلەیشی لە حکومەت نەکردووە، بێلایەن بووە و سەربەهیچ حزب و گروپێک نەبووە.

‎لە پاش بڕینی رێگایەکی سەختی قاچاخ، سەرەتا ڕو دەکاتە وڵاتی ئێران، لەوێ جگە لەوەی ھەوڵدان بۆ زاراوەی فارسی، پەرەیەکی گەورە بە کاری میوزیک، ئاواز دانان، ھونەرەکەی دەدات، پاشان ئەم سەرمایە سەنگینەی نیشتیمان لە وڵاتی ڕوسییا، بۆ ماوەی دوو ساڵ نیشتەجێدەبێ و سەدان مشت لە زانین و فێربوونی زیاتری کاری ئاوازدانان و میوزیک دەخاتە سەر خەرواری ھونەرەکەی.

‎دواتر، ڕو دەکاتە وڵاتی کەنەدا و لەوێ بەباشی خۆی فێری زمانی ئینگلیزی دەکا، لە کۆتایدا ئەسپی خۆی تاو دەدا بەرەو وڵاتی سەرما و سۆڵە و بۆ ھەمیشە لە وڵاتی جوانی (سوێد) بارگە لێک دەنێت.

‎ئیدی لەم بەروارەوە ئەو بەدەر لە ھونەرمەندێک، دەبێتە قوتابخانەیەکی گەورەی ھونەری لەو دەمەداو باوەش بۆ سەدان ھونەرمەندی کورد دەکاتەوە، ئاوازو ھۆنراوە بۆ دەیان ھونەرمەندی کەم ئەزمون و خاوەن ئەزمونی ئەو دەم دادەنێت.

‎لەو دەمەدا هاوڕێ نزیکەکانی دەڵێن هەندێ رۆژ ماڵی زیاد ھێندە قەرەباڵغ بووە ھەر لە شێوەی تەکیەو خانەقا، وەک سەنتەرێکی ھونەری وابووە.

‎لە وەسفی ئەودا مامۆستا مەزھەری خالقی دەڵێ: دەنگی زیاد وەک سیحرێک وایە، کاتێک بەر گوێ دەکەوێ ھەر زوو جادو دەکات.

‎مامۆستا شێرکۆ لە وەسفی کوڕەکەی تەیراوا دەڵێت: ئەو شاسوارێک بوو بەگڕو تین و تۆنێکی تاسە شکێنەوە ھاتە نێومانەوە، ئەو ھەموو ڕیتمە تەقلیدییەکانی بەزاندوو وەک شاسوارێکی نوێگەر بە ریتم و تۆنێکی نوێوە دڵ و گوێکانمانی زاخاو دایەوە. ئەو نە لەکەس دەچێ و نە ھیچ کەس دەتوانێ لەو بچێت.

‎گۆران کامیلی هونەرمەندیش لە وەسفی زیاد ئەسعەددا دەڵێت، ئەگەر ئیبراهیم تاتڵساس بڵێ من کوردم ئەوە ئیبراهیم یەکەم هونەرمەندی کوردە، ئەگەرنا ئەوە زیاد ئەسعەد یەکەم هونەرمەندی کوردە.

‎پێشتریش زیاد ئەسعەد لەلایەن چەندین هونەرمەندی ترەوە پێناسەی جوان و سەنگینی هونەرەکەی کراوە، لەوانە تەلعەت تاهیر و موعین ئەسفەهانی و ئومید و گولپایگانی و مامۆستا قادری سیاحی، هەربۆیە هەوادارانی جارێکی تی پێیان وتەوە پێویستمان بەدەنگتە.

‎ئەوە بەدەر لەوەی کە زیاد قوتابخانەیەک بوو بۆ زۆرینەی هونەرمەندانی کورد، وەک زەکەریا و پەیوەند جاف و ئەژدەر وەهبی و بڵند ئیبراهیم و گۆران ساڵح و هەڵوێست محەمەد و عەبدولقەهار زاخۆیی و رۆژ کەریم و ئەیاد حسێن ، چۆپی فەتاح و تارا ڕەسول و لەیلا فەریقی و و دەیانی تر.

- [x] تەنانەت زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی کە زیاد ئیشی بۆکردوون، گۆرانییەکانیان هەوادارێکی زۆری هەبووە، لەدوای ئەوەی کەزیاد ئیشی بۆنەکرد ئەوانیش لەناو هەواداراندا کاڵبونەوە، دەزگای میدیای هەرێم نیوز لەداهاتویەکی نزیکدا بەزنجیرە ڕاپۆرتێک تیشک دەخاتەسەر بەرزی ئاستی هونەری زیاد ئەسعەد، چاوەڕێ بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP