هەرێم نیوز
بەرپرسێكی توركی بە ڕۆیتەرزی رایگەیاندووە، وڵاتەكەی "بە وریایی و گەشبینەیەوە" لە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڕوانێت، بەڵام لە هەمان کاتدا سورە لەسەر داواكەی و داوای چەك داماڵین لە کوردەکانی سوریا دەکات.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ سێشەممە لە زاری بەرپرسێكی توركیاوە بڵاویكردەوە ، ئەنقەرە "بە وریایی و گەشبینەیەوە" لە ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڕوانێت كە بە بە سەرۆکایەتی کورد و ئەمریکا و حکومەتی نوێی سوریا ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، توركیا دەیەوێت سەرەتا بزانێت ڕێککەوتنەکە چۆن جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ڕێککەوتنەکە هیچ گۆڕانکارییەکی لە ئیرادەی تورکیا بۆ "بەرەنگاربونەوەی تیرۆر" نەکردوە.
ئەو بەرپرسەی توركیا باسی لەوەشكرد، "ئەنقەرە هێشتا پێداگری لەسەر داواکارییەکەی دەکات، کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی یەکینەکانی پاراستنی گەلی (یەپەگە)ـی کورد، کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات و لەلایەن تورکیاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنرێت".
ئەوە لەكاتێكدایە شەوی ڕابردو سەرۆکایەتیی سوریا رایگەیاند، ڕێکەوتنێكی ههشت خاڵی لەنێوان مەزڵوم كۆبانێ فهرماندهی ههسهده و ئەحمەد شەرع سهرۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزهر واژۆکراوە، بهپێی یهكێك لهخاڵهكانیش بۆ لەمەودوا هەسەدە بەشێک دەبێت لە دامەزراوەی بەرگریی سوریا.