هەرێم نیوز
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ی 3ی 2025 ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات و سێ بڕگە تاوتوێ دەكات.
لە بڕگەی یەكەمدا دواپێشهاتی كۆبوونەوە هاوبەشەكانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان سەبارەت بە هەوڵی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەخرێتە ڕوو.
لە بڕگەی دووەمدا دوو پێشنیاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ دانانی لە كارنامەی كۆبوونەوەی ئەنجومەن لەبارەی لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی ئەو كەمئەندامانەی كە پێش ساڵی 2013 وەریان گرتووە، هەروەها ڕاپۆرتی سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووكەكانی لاوان سەبارەت بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 100% یان 50% لە قیستەكانی ماوە بۆ سوودمەندانی كۆچكردوو دەخرێتە ڕوو.
لە بڕگەی سێیەم ڕۆژەكانی پشوو و بۆنە فەرمییەكان لە ڕۆژژمێری حكومەتی هەرێمی كوردستان دیاری دەكرێت.