هەرێم نیوز
وتە بێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد کە وەزارەتەکانییان لیستی موچەی مانگی سێ بەپەلە ئامادەبکەن بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت پێش جەژن مووچەی مانگی سێ دابەشبکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەکانی ڕاسپارد کە وەزارەتەکانییان لیستی موچەی مانگی 3 بە پەلە ئامادەبکەن و بۆ بەغدای بنێرن.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەرۆکوەزیران داوایکردوە، لەڕۆژانی پشودا دەوامبکەن بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت پێش جەژن موچەی مانگی 3 دابەشبکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق تریلیۆنێک و 26 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 2ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد.
وەزارەتی دارایی هەرێمیش رایگەیاند: ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
سبەی پێنج شەممە ( 13ی ئازاری2025 ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتیەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لەهەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.