هەرێم نیوز
دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بەپێی لیستەکە ئەمڕۆ و ڕۆژانی داهاتوو مووچەی وەزارەت و دەستەکان دابەش دەکرێت.
دابەشکردنی مووچەی ئەمڕۆ سێشەممە و سبەینێ چوارشەممە
بەپێی ئەو لیستەی دوێنێ دووشەممە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ١٥ی ئەیلوول، مووچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی دابەش دەکرێت.
هاوکات سبەینێ چوارشەممە ١٦ی ئەیلوول، مووچەی زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، کەسووکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، تەندروستی و پەروەردە دابەش دەکرێت.
لیستی مووچەی ڕۆژی پێنجشەممە
بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، مووچەی مانگی ئابی ئەم شوێنانە دابەش دەکرێت: دەستەی ژینگە، دەستەی دەستپاکی، دەزگای مین، دەستەی وەبەرهێنان، مافی مرۆڤ، خاوەن پێداویستیی تایبەت، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن.
هەر ڕۆژی پێنجشەممە، مووچەی مانگی ئابی وەزارەتەکانی ئاودانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەری، دارایی و ئابووری، پلاندانان، سامانە سروشتییەکان، بازرگانی و پیشەسازی، گواستنەوە و گەیاندن، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەبا، ڕۆشنبیری و لاوان، فەرماندەییی زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی هەرێم، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، و دیوانی چاودێریی دارایی دابەش دەکرێت.
کۆتاییهاتنی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە
هاوکات ڕۆژی شەممە، بە دابەشکردنی مووچەی ئەم شوێنانە کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت: ئەنجومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دامودەزگا ئەمنییەکان، و فەرماندەییی دەڤەری یەک و دوو.