خەڵکی سوریا و ئۆپۆزسێۆن لە گۆڕەپانی ئەمەوییەکان لە شام پەیکەری حافظ ئەسەدیان تێکشکاندو سەلکەکەی بەدەست گەنجەکانەوە لە ناوەرۆکەکەی بەتاڵ دەکرایەوە.
ئەمە 9ی نیسانی 2003ی هێنایەوە بیر کاتێک لە گۆڕەپانی فیردۆس لە بەغداد، پەتیانکردە ملی پەیکەرە زەبەلاحەکەی سەدام و ڕوخاندیان.
ئەو پەیکەرانە قسەمان لەگەڵ دەکەن و پێمان دەڵێن، بوونی سەرۆکە دیکتاتۆرەکان، تەنیا لە سنوورەکانی نەتەوەکەیاندا قەتیس نابن، تەنیا لە مەیدانەکان و ناو کۆشکەکان دانانرین، بەڵکو دەخزێنە ناو کۆشکەکانی یادەوەری و خەیاڵ و ترسی بەکۆمەڵی خەڵکەکە. لە سوریا و عێراقدا بەعسییەکان لە ڕێگەی سروشتی و میتافیزیکی و ڕەمزییەوە لە مێشکی خەڵکەکەدا پەیکەریان بۆ خۆیان دادەتاشی.
ڕەهەندە سروشتییەکەی بریتییە لە هێنانە پێشی زیندووی ڕۆژانەی دەسەڵاتەکەی، دەسەڵاتێک کە پۆرترێتەکان بچوک دەکاتەوەو وپەیکەرەکانیش نەک وەک هونەر بەڵکو وەک ئامێری دەستبەسەرداگرتنی بیردانگی مرۆڤ گەورە دەکات.
بەعسییەکان ورد ورد کاریان دەکرد تا لە دەرەوەی فیزیکییەت دیکتاتۆر بوونێکی جنۆکەیی هەبێت، بونێک کە هەرگیز لێمان جیانابێتەوە. پەیکەرێک کە نیگاکانی بەناو پۆلی قوتابیان و تەنانەت دیواری زیندانەکاندا دەڕوانێت. لە خەونەکاندا دەژژێت، لە یەککاتدا ڕۆڵی باوکێکی پارێزەر وجەلادێکی بێ بەزەیی دەبینێت، ڕۆڵێک کە تاک و کۆی کۆمەڵگەکەی بە گوێرەی خۆی دروست دەکاتەوە.
لێرە چوینە کەوشەنی بوارێکی هەستیاری دەروونی و ڕۆحی.
لە فلمی ڕیسالە و زنجیرەی یوسف پێغەمبەردا بتەکان لە سنوری پەیکەرەکان تێدەپەڕن و لە قوڵایی دەروونی خەڵکەکەدا نیشتەجێ دەبن.
بۆ خەڵکی کۆریایی باکور سەرۆکێکی ترسێنەر تەنها سەرکردەیەکی ئاسایی نییە بەڵکو خوداوەندێکی سەپێنراو وڕێزلێگیراو وترسناکیشە، پەیکەری دیکتاتۆری عێراق و حافظ ئەسەدی سوری هێمای گەورەیی ئەوان وبێنرخی کۆمەڵگە بوو.
بۆیە لەو ساتەدا کە پەیکەری سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ لە بەغدا خرایە خوارەوە، دیمەنەکە ئاسایی نەبوو. دیمەنێکه تەنیا بە دەست لێدان هەستی پێ ناکرێت، ئەمە تەنیا وێرانکردنی شوێنەوارێک نەبوو، داڕمانی وەهمێک بوو. هێمایەکی قوڵ بوو، دیمەنەکە ناوەکییە. پەیکەرەکان کەناڵێکی گرنگن بۆ گەیاندنی هەمیشەیی دروست دەکرێن.
ڕووخانیشیان ئاماژەیە بۆ نابەردەوامی وگۆڕانکاری گەورە.
بۆیەش پەیکەری سەلکە سەری ئەسەد کە هاوڵاتییەک پێی خستۆتەمسەر وپاشماوە شکاوەکانی مۆنۆمێنتی سەدامیش تەنیا کەلوپارچەی پەیکەرە شکاوەکە نەبوون، ئەوان یەکەم ئاماژەی گێژاوەکانی دوای سەدام بوون. بۆشایییەک کە داوای پڕکردنەوەی دەکرد.
24 ساڵ پێش ئێستە، بەشار بە سەدان پەیکەری باوکیەوە نیشتیمانی پەیکەرەکانی بەعسی بە هەموو شتێکەوە بەمیرات گرت. بۆ هەرشوێنێ دەچویت، ڕووخساری ئەسەد، باسل و بەشار (سوریا) یان تێر (ناو) تیر (نیگا) و تێر (وەهم) دەکرد٫ بە چەشنێک کە سوریا ببوو بە ئیمپراتۆریەتێک لە هێماکان لە دیوارە و شوێنەوار و ئەفسانە.
هەشتی دێسەمبەری 2024ە لە تەواوی سوریا و تەنانەت لە مەیدانی ئەمەوی دیمەشق پەیکەری حافظ ئەسەد شکێندرا، بەچەشنێک کە دواتر کۆناکرێنەوە.
هەر نەتەوەیەک بەجۆرێک ڕەمزەکانی خۆی لە کۆمەڵە بتێکدا کۆدەکاتەوە. ناپلیۆن لە فەرەنسا، لینین لە ڕووسیا، ماو لە چین بەهەمان چەشنبوون، لەگەڵ ئەوەشدا مانەوەو مەخزای جیاوازیشیان هەبوو.
کێشە نەبینراوەکە لێرەیە، ترس لە ئۆپۆزسێۆن بۆ ئایندەی سوریایش لێرەیە، ئاخر کەوتنی بتەپەیکەری دیکتاتۆر بۆشایی دروست دەکات، بۆشاییەک کە داوای پڕکردنەوە دەکات.
عێراقی دوای سەدام، نەک دێموکراسی پێ نەبوو، جارێکی دیکە بوو بە نیشتیمانی بتەکان، نەک دیموکراسی لە باوەش نەگرت، پەرچەم و نیگای هەزاران بتی نوێی سەوزی لە باوەشگرت، هەندێک لە بتەکان ڕەگەی قۆڵی ئاینیان هەیە، شەڕی ناوخۆی عێراقیش شەڕی بتەکانە.
خەریکە سوریاش ڕووبەڕووی دووڕیانێکی هاوشێوە دەبێتەوە. کاتێک پەیکەرەکانی بەشار دەکەونە خوارەوە و دەڕوخێن، پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە دەبێت کە کێ، یان چی، شوێنەکەی پڕدەکاتەوە.
جەنگی داهاتووی سوریا جەنگی کەلاوەی پەیکەرەکانە، بۆ هەر کەلاوەو شوێن پەیکەرێکی ئەسەدەکان، ئایدۆلۆژیا، سەرکردە، یان هێزێکی نوێ ئامادەیە پەیکەری خۆی لەسەر دروست بکاتەوە.
زەرورەتی لەناوبردن و دروستکردنەوەی پەیکەر چیرۆکی قوڵی ئێمەی مرۆڤە، مرۆڤێک کە بونمان مەرجی بوونی پەروەردەگاریشمانە، مەرج بوونی گەورەکانە، ئەمە کردەیەکی کۆمەڵایەتی و دەرونی مرۆڤە، ئاوێنەی پەیوەندی ئێمەو دەسەڵاتە.
پەیکەرەکان تەنها بەرد و برۆنز نین، ئەوان لەنگەری ناسنامەن، ڕەمزی نەمری و ناسنامەی دیکتاتۆرن. ئەوان نەمریش تێپەڕدەبێت.
کاتێک پەیکەرەکان دەکەونە خوارەوە، ڕاستییەکی هەستیار ئاشکرا دەکەن، دەسەڵات تەنها تا ئەو کاتە بوونی هەیە کە خەڵک باوەڕی پێیەتی.
مۆنۆمێنتی ڕاستەقینەی بەشار ئەسەد ئەو پێکهاتە کۆنکرێتییانە نین کە ناوی ئەویان لە سەرکۆڵراوە، بەڵکو جێپەنجەی دەروونیی دیکتاتۆرە بەسەر سورییەکانەوە، هەروەک هین موقتەدا و سستانی و ئەوانی دیکەوەیە بەسەر عێراقییەکانەوە.
پەیکەری دیکتاتۆر، بۆ ئەوانەی لە زەمەنی ڕژێمەکەیدا لەدایک بوون و چونە قوتابخانە ویەکەم ڕوخساری ئەسەدیان دیت، مانایەکی کۆنکرێتی وجیاوازی هەیە، بەراورد بەوانەی بیریان دێت کە 51ساڵ بەر لە ئەمڕۆ حافظ ئەسەد هاتە دەسەڵات.
سەدام بۆ نەوەی پەنجاکان مانایەک و بۆ نەوەی هەشتاکان کە ئێمە بوین مانایەکی جیاوازی هەبوو، ئەوانەی چاویان لە پەیکەرتاشە چۆن لە مادەیەکی سادە بتێک دروست دەکات، ئاسایی تر بتەکە دەیبینن، بەراورد بە مناڵێک کە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەیەتی و شەرم لە چاوە گەورەکراوەکانی پەیکەرەکە دەکات.
هێزی پەیکەر و بت
بە درێژایی مێژووی مرۆڤ پەیکەرو بنەکان ڕۆڵێکی قووڵیان لە ژیانی تاک و کۆی کۆمەڵگاکاندا هەبووە. ئەوان تەنیا (شت)ێک نین٫ دەرکەوتنی دەسەڵات و کولتوور و یادەوەری و ناسنامەن.
لە شارستانییەتە کۆنەکانەوە تا دەگاتە دەوڵەتە مۆدێرنەکان، پەیکەرەکان بۆ یاد وبەرجەستەی سەرکردەکان، ئایدۆلۆژیا، یان جەختکردنەوە لەسەر باڵادەستیان دانراون، بۆیەش زۆرجار لەناوچوونیان ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری قووڵ لە هۆشیاری بەکۆمەڵ یان دیمەنە سیاسییەکان.
پەیکەرەکان دەرکەوتنێکی فیزیکین بۆ سەرکردەکان بەرجەستەکردنەوەن، ئامرازێکن بۆ بەرهەمهێنانەوەی خۆیان لە دیمەنی دەستەجەمعی نەتەوەیەکدا، دروستکردنی هێمایەکی هەمیشەین بۆ دەسەڵاتی خۆیان. بۆ ئەوەی وەک بیرهێنانەوەی بەردەوامی دەسەڵات قسەمان لەگەڵدا بکەن، لە فەزای گشتیدا نمایش دەکرێن.
بەم مانایە پەیکەرەکان وەک درێژکراوەی کەسایەتی دیکتاتۆرەکان ڕۆڵیان هەیە، تەنانەت لە غیابی خۆیاندا دەسەڵات پڕۆژە دەکەنەوە.
لە ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە، دانانی پەیکەر بەستراوەتەوە بە خواستی مرۆڤ بە نەمرییەوە. پەیکەرەکان بەڵێنی هەمیشەیی دەبەخشنەوە، ڕێگە بەدیکتاتۆر یان ئایدۆلۆژیاکان دەدەن لە دەرەوەی زەمەنی خۆیان بژین.
بەڵام هەمان ئەم هەوڵە بۆ نەمریی زۆرجار زەمینە بۆ ڕووخانی دواجاریان دادەنێت. پەیکەرەکان ئیستاتیکن، لە کاتێکدا کۆمەڵگاکان دینامیکین.
لەگەڵ پەرەسەندنی دیمەنە کولتووری و سیاسییەکان ماناکانی پەیوەست بەم شوێنەوارانە دەتوانن بگۆڕدرێن و بیانکەنە ئامانجی توڕەیی، بێهیوایی و تەنانەت لێ ڕاپەڕینیش.
لە ڕووی کۆمەڵناسیەوە پەیکەرەکان دوو ڕۆڵ دەگێڕن لە یەککاتدا یەکدەگرن و دابەشیش دەبنەوە، لە لایەک لە نێوان کۆمەڵێک کەسدا ناسنامەیەکی هاوبەش بەرهەم دێنن، کە وەک خاڵی سەرەکی بۆ پەیوەستبوونی بەکۆمەڵ یان شانازی نەتەوەیی کاردەکەن. بۆ نموونە پەیکەری سەرکردەیەکی ڕێزدار دەتوانێت ببێتە شوێنێک بۆ ئاهەنگێکی بەهادار یان ماتەمینی، ئەمەیان کۆمەڵگەیەک لە ئەزموونە هاوبەشەکانیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە پەیکەرەکان دەتوانن ئایدێۆلۆژیا و فیگەرەکانی نوێنەرایەتی دابەش بکەن. پەیکەری سەرۆکی کۆریا، سەدام و ئەسەد چی بۆ ڕای جیاواز دەهێڵنەوە، جگە لە هێمای چەوساندنەوە و نامۆبوون.
زۆرجار کەوتنی پەیکەرێک گوزارشت لە داڕمانی ئەم چیرۆک و مێژووە موزەیەفە دەکات کە کۆمەڵگە کۆدەکاتەوە یان دابەش دەکات.
دەروونناسی بتەکان لە ژیانی تاکەکەسیدا
بت و پەیکەر کاریگەری دەروونیشیان هەیە. بۆ تاکەکان مایەیی ترس یان ستایشن. لە ڕژێمە تاکڕەوەکاندا، بوونی پەیکەری سەرکردەیەک لە هەموو شوێنێکدا دەبینرێت ئەمەش دیمەنێکی دەروونی دروست دەکات کە دەرفەتی پرسیارو ناکۆکی ڕاکان ناهێڵێتەوە.
لە ڕووی فەلسەفییەوە، هەڵگرتن و لەناوبردنی پەیکەرەکان ڕەنگدانەوەی ململانێی مرۆڤ لەگەڵ دەسەڵات و یادەوەری و ناسنامەدایە. چەمکی (دوبارەبوونەوەی ئەبەدی) لەلایەن فریدریش نیچە، دەلاقەیەکمان بۆ دەکاتەوە تا لە دیاردەی گەڕانی کۆمەڵگەکان بەدوای ماناو دەسەڵات ودادپەروەریدا تێبگەین کەواچۆن مرۆڤەکان زیاد لە جارێک ودوان بت دروست دەکەن ولەناویان دەبەن. ئەمەیش ئەو بازنەیەیە کە جەخت لەسەر نابەردەوامیی دەسەڵات و حەتمییەتی گۆڕانکاری دەکاتەوە.
لە کتێبی (دۆخی مرۆڤ)ی هانا ئارێنتدا، لەوە دەکۆڵێتەوە کە چۆنانوچلۆنی فەزای گشتی بەهۆی یادەوەری و کردارێکی بەکۆمەڵەوە ڕێکدەخرێت. پەیکەرەکانیش ئامرازێکن بۆ چەسپاندنی یادەوەری بەکۆمەڵ لە کایەی فیزیکی ڕێکخستنەکەدا. لەگەڵ ئەوەشدا لەناوچوونیان ڕێگەیەکە بۆ کۆمەڵگاکان بۆ ڕەتکردنەوەی ڕابردوویان یان دووبارە دڕشتنەوەی داهاتوویان.
کۆمەڵناسی ئایکۆنۆکلاسیزم
کاتێک فەزای گشتی داگیر دەکرێت ودەخنکێندرێت، بۆ وێنە کۆریایی باکور، عێراقی سەردەمی سەدام و سوریای ئەسەد، هەوڵێک هەیە بۆ پێناسەکردنەوەی ناسنامە ووەرگرتنەوەی فەزا گشتییەکە، ئەو کەسانەی کە بەشداری ئایکۆنۆکلیزم دەکەن یان پشتگیریان دەکەن پێیان دەوترێت ئایکۆنۆکلیست، ئەمەش زاراوەیەکە بە شێوەیەکی مەجازی بۆ هەر تاکێک بەکاربهێنرێت کە بیروباوەڕە باو بەنرخەکان یان دامەزراوە پیرۆزەکان بە پاساوی ئەوەی کە هەڵەن یان زیانبەخشن تێک دەدات.
لە بیست ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەدیاری کراوی لە قەزا سنورییەکانی سنوری سلێمانی و بەشی زۆری ئەو مەرقەدانەی خەڵک بەنوێنەرایەتی خوا دەیپەرستن لەلایەن خەڵکانێکەوە تێکدران پاساوی تەیارێکی ئیسلامی ئەوەبوو کە ئەم مەرقەدانە نۆڕمی نوێی دژ بە تاکایەتی خوایان بەرهەم هێناوە تەنانەت لە هەندێک ناوچە ترس لە مەرقەدی پیاوچاکان لەترس لەخوا زیاترە، لە گوندەکەی ئێمە ترس لە ئیمانداری (نێکۆمەر) لە ترس لە خوا کەمتر نەبوو، هەبوە گوتویەتی خوایە ئەمجارە (نێکۆمەر) شەفاعەتمان لە قاپییەی تۆ بۆ بکات.
ئەمە لە نزیکەوە چەمکی (دەسەڵاتی هێمادار)ی کۆمەڵناس پیێر بۆردیۆمان بۆ دەگێڕێتەوە، لێرەدایە پەیکەرەکان هێزی ڕەمزی بەکاردەهێنن بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵات و داڕشتنی نۆرمەکانی کولتووری.
لەناوچوونیشیان کردەوەیەکی ئازایانەیە وبەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتەکەیە، ڕێگایەکە بۆ گروپە پەراوێزخراوەکان بۆ ئەوەی بڵێن وەرن بەها کۆمەڵایەتییەکانمان پێناسە بکەنەوە.
ئەوانەی پەیکەرەکەی باسل ئەسەدیا لەناوەڕاستی حەلەب و لەگۆڕەپانی سەعدوڵا جابیری شکاند لە مانادا چوارچێوەیەکیان شکاند کە شوێنی پێناسەی بەها کەلتورییەکانی کوردو عەرەبی سونەی تێدا نابێتەوە.
ئەگەرچی پەیکەرێ نییە لێ ڕووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی ١٩٨٩ هاوتایەکی ڕەمزییە بۆ لەناوبردنی پەیکەرەکان. دیوارەکە نوێنەرایەتی دابەشبوونی ئایدیۆلۆژیی شەڕی ساردی دەکرد. لەناوچوونەکەی کۆتایی سەردەمێک و تامەزرۆیی بەکۆمەڵ بوو بۆ یەکگرتوویی و ئازادی.
پەیکەرەکان ڕۆڵیان لە شێوەپێدانی یادەوەری بەکۆمەڵدا هەیە، مێژوونووس پیێر نۆرا چەمکی (شوێنەکانی یادەوەری)ی پێناساندین، ئەو شوێنانەی کە یادەوەری تێیدا ڕەگەدادەکوتێ وبەرگە دەگرێت.
لە هەڵسەنگاندنی مۆدێڕندا، لە هەمبەر مێژو وناسنامە، مشتومڕ سەبارەت بە پەیکەرەکان پڕ لە ململانێی کۆمەڵایەتی فراوانترە. بۆ نموونە لابردنی پەیکەری کۆنفیدڕاڵی لە ئەمریکا تەنها پەیوەندی بە خودی پەیکەرەکانەوە نەبوو، بەڵکو پەیوەستیش بوو بەوەی کۆمەڵگە جیاوازەکان چۆن سەروەری یان چیرۆکە مێژووییەکانیان لەبەرچاوی یەکتر نمایش دەکەن.
ئەو چیرۆکانەی مانای دروست بوون و لەناوچوون و لەدایکبوونەوە دەبەخشن، ئەمانە چیرۆکێکن لەنگەر لەسەر پێداگیری دەسەڵات وداڕشتنی ناسنامە و بیرەوەری دەگرن، لەنگەرێک کە نایەڵێت شەپۆلەکان ڕایان بماڵن.
لەناو بردنیان نابەردەوامییە، وشکبوونی سەرچاوەکانیانە، ئیتر کۆمەڵگەکان لەگەڵ پەرەسەندنیان هێمای نوێ بۆ پەسند یان ڕەتکردنەوە هەڵدەبژێرن.
لەجیهانێکدا کە دەسەڵات ناجێگیر و گێڕانەوەکان کێبڕکێیان لەسەرە، پەیکەرەکان هەستیاری نێوان بوون ونەبوون دەگێڕنەوە.
لە چاوخشاندن بە ئەدەبیاتی جیهانیدا تێڕوانینێکی قووڵ وڕەمزی و فەلسەفی ڕونمان سەبارەت بە پەیکەر و بتەکان دەست دەکەوێت. ئەم هێمایانەی کەنوێنەرایەتی دەسەڵات، یادەوەری و ناسنامە دەکەن.
پەیکەر لە ئەدەبیاتی کلاسیکدا
لە ئەدەبیاتی کلاسیکدا ولەزۆر بۆنەدا پەیکەرەکان وەک بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی خودایی یان شاهانە هەن.
زۆربەتان ئەفسانەی ڕۆمانی پیگمالیۆن و گالاتیا دەزانن، ئێستە بیرتان دەکەوێتەوە، بریتییە لە مامەڵەی نێوان هونەرو جوانی، (پیگمالیۆن)ی پەیکەرتاش، پەیکەرێکی هێندە جوان دروست دەکات کە عاشقی دەبێت.
پەیکەرەکەش کە لەلایەن خوداوەندی ڤینۆسەوە زیندوو دەکرێتەوە، بۆ مرۆڤیش دەبێتە هێمای خواست وتێپەڕاندنی سنوورەکان و دروستکردنی تەکاموڵ. چیرۆکێکە لەدەوری مشتومڕی خوڵقێنەرو خوڵقێندراو، کە بابەتێکی زۆر دووبارەبوونەوەیە لە ئەدەبدا.
پەیکەری زیوس لە ئۆڵۆمپیا (هێرۆدۆت و پاوزانیا) چەندە زیاتر مێژووییە، لەگەڵیدا بەهای بەکۆمەڵ بۆ قودرەتی خوا ولێوەشاوەیی ودەستڕەنگینی هونەرمان بۆ دەڵێتەوە، پەیکەرەکە خواستی ئاینی و ڕاگوزەری هەوڵە مرۆییەکان بەخۆیەوە دەگرێ.
سەری پاشا, لە نووسینی چینوا ئاچێبێ، خەباتی گەلانی ئەفریقا دەگێڕنەوە، ڕەخنە لە دەسەڵاتی دزو داپڵۆسێنەری کۆلۆنیالیزم دەگرێت، کۆلۆنیالیزم کۆمەڵگە ڕەسەنەکان هەڵدەوەشێنێت و کۆمەڵگەی نوێیان لە شوێن دادەنێت. لەم چیرۆکەدا شکاندنی پەیکەری کۆلۆنیالیزم دەبێتە مەتافۆرێک بۆ بەرخۆدان و وەرگرتنەوەی سەربەخۆیی.
لە ئەفسانەی کۆنەوە تا ڕەخنەی مۆدێڕن، پەیکەر و بتەکان لە ئەدەبیاتی جیهانیدا ڕەنگدانەوەی سەرسامی وبەردەوامی مرۆڤایەتین کە بە دەسەڵات و یادەوەری و ناسنامەکەیەوە دەنازێت.
ئەوان تەنها شتگەلێکی ماددی نین بەڵکو ئاوێنەی بەها و ترس و ئاواتەکانی کۆمەڵگەن. جا ڕێزیان لێ بگیرێت یان سووکایەتیان پێ بکرێت، بوونیان لە ئەدەبدا جەخت لەسەر یارییە قووڵەکانی نێوان هەمیشەیی و ڕاگوزەری، دەسەڵات و بەرخۆدان، دروستکردن و لەناوچوون دەکاتەوە.
ئەدەبیاتی جیهانی لە ڕێگەی هێماگەلێکەوە بانگهێشتی خوێنەران دەکات بۆ بیرکردنەوە لە ئاڵۆزییەکانی بوونی مرۆڤ و ئەو چیرۆکانەی کە هەڵیدەبژێرین بۆ گێڕانەوەی دەربارەی خۆمان.
بۆیەش لە سەرانسەری جیهاندا پەیکەر و بتەکان جێگەیەکی بەرچاویان لە فۆلکلۆردا هەیە ، وەک هێمای دەسەڵات و ڕۆحانیەت و یادەوەری بەکۆمەڵ دەردەکەون.
لە فۆلکلۆری باوی چینیدا، شێرە بەردینەکان لە دەرەوەی پەرستگا و ماڵەکان لە دژی ڕۆحە خراپ وشەڕانگێزەکان وەک پاسەوانێک دادەنرێت. پێدەچێت ئەم پەیکەرانە جەوهەرێکی زیندوویان هەبێت کە چاودێری ناوچەی مەبەستەکە دەکەن.
سوپای تێراکۆتا لە ئەفسانەی چینیدا جێی بایەخە، ئەمانە پەیکەری سەربازەکانن، ڕەمزی مانەوە وپارێزەری ئیمپراتۆر (چین شی هوانگ) بۆ ژیانی دوای مردن دروستکراون. مەغزای چیرۆکەکانیان جەخت لەسەر دڵسۆزی و شەرەف و دەسەڵاتی ئیمپراتۆر دەکەنەوە.
بیرۆکەی ژیانی پەیکەرەکان مۆتیڤێکی دووبارەبووەوەیە لە فۆلکلۆردا، کە ڕەنگدانەوەی ترس و سەرسامی مرۆڤایەتییە بە سنووری نێوان زیندوو و بێ گیان.
چیرۆکی خانمی ئازادی هەرچەندە نوێترە لێ مایەی سەرنجە، پەیکەری ئازادی لە فۆلکلۆری ئەمریکیدا پرسی ئازادی و هیوا و تێکۆشان بەرجەستە دەکات.
بووەتە گێڕەرەوەی چیرۆکی خۆڕاگی کۆچبەری
کەوتنی بتەکان لە نەریتە ئیبراهیمییەکاندا چیرۆکی کتێبی پیرۆزە، ئیبراهیم بتەکانی باوکی شکاندووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕەتکردنەوەی بتپەرستی و سەرهەڵدانی یەکتاپەرستییە.
کۆلۆسۆسی ڕۆدس کە پەیکەرێکی گەورەی خوداوەندی خۆری یۆنانی هێلیۆس بوو لە شاری ڕۆدس لە یۆنانی کۆن دانرابوو، یەکێک بوو لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان، سەردەمانێک پەیکەرەکە هێمای دەسەڵات بوو، لەناوچوونیش بە هۆی بوومەلەرزەیەک بوو بە تەپوتۆزی حیکایەتێک بۆ ئاکاری لووتبەرزی و دواتر لەناوچوون.
پەیکەر وبتەکان لە فۆلکلۆردا ماددییەتی خۆیان تێدەپەڕێنن ودەبنە مەکۆی یادەوەری بەکۆمەڵ و ڕۆڵی بیروباوەڕی ڕۆحی و وانەی ئەخلاقی دەبینن. ئەوان خاڵی پێکگەیشتنی داهێنەرانەی نێوان مرۆڤ و پەروەردەگارن.
پەیکەرەکان پێمان وەڵێن چۆناوچۆنی کۆمەڵگەکان مێژووی خۆیان دەبینن. ئەمانە چیرۆکی ئیلهامبەخش دەگێڕنەوە، پەیوەندی قووڵی نێوان مرۆڤەکان و هێماکانیمان بیردەخەنەوە.
زۆرجار ئەو ئەفسانەیەیی لە دەوروبەری پەیکەر و بتەکان دەسوڕێتەوە، توخمەکانی ئەخلاق و ناسنامەی کولتووری بەیەکەوە دەبەستنەوە، وشوێنەوارێکن بە هێزێکی مەزنی هێماییان،هەیە وفۆرمە فیزیکییەکانیان تێدەپەڕێنن.
لە فۆلکلۆری مەسیحیدا پەیکەری گریانی مەریەمی پاکیزە وەک نیشانەی خەم و پەژارەی خودایی یان ئازاردان لێکدەدرێتەوە.
لەکۆتایدا
پەیکەرەکە شکا، لێ هێشتا لە مۆزەخانەکان هەڵگری یادەوەرییە، وەک فرۆشیارێکی سارد پارە بۆ شکێنەرەکانی پەیدا دەکات..