هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران ڕوسیای تۆمەتبارکرد بەوەی خیانەتی لە ئێران کردووە بەوەی لە کاتی بۆردوومانی ئیسرائیل ڕادارەکانی خامۆش دەکرد و دانی بەوەش دانا کە "ئێمە لە سوریا دۆڕاین؛ خراپیش دۆڕاین!".
بەهرۆز ئیسباتی، بەرپرسی بارەگای سایبەری ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە وتارێکدا کە ماوەیەک لەمەوبەر لە لایەن میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕووسەکان سیستەمی ڕادارەکانیان لە کاتە هەستیارەکاندا دەکوژاندەوە و ڕێگەیان بە ئیسرائیل دەدا بە "ئاسانی" فەرماندەکانی سوپای پاسداران بکەنە ئامانج.
لەم وتارەدا باس لەوە دەکات کە بە "خیانەت"ی ڕووسەکان، ئیسرائیل بە ئاسانی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی لەناوبرد، لەوانە محەمەد ڕەزا زاهدی، جێگری سوپای قودسی سوپای پاسداران، سەید ڕەزی موسەوی، کە بەرپرسی پشتیوانیکردنی ئەم هێزەیە لە سوریا، و سادق ئومێدزادە، جێگری ئەفسەری ئیتلاعاتی سوپای قودسی سوپای پاسداران.
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕووسیا لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا کرد و، لە وتارێکیدا وتی کە "ڕووسەکان دوای تۆفانی ئەقسا بە تەواوی لە بەرەی ئیسرائیل بوون و بەشار ئەسەدیان فریو دا".
ناوبراو هەروەها باسی لە لەدەستدانی پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سووریا و خواستی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بۆ جێگرتنەوەی وڵاتانی عەرەبی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەم وڵاتە پێشوازی لێ نەکرا و وتی،" ئەوان پێشوازییان لە ڕەئیسی نەکرد. بۆیە خۆمان خێرا کەمپێکمان دانا و بەماوەی پێنج شەش کاتژمێر تەواوی ڕێگاکەمان ڕازاندەوە، بەڵام دواتر بینیمان ئاڵای ئیماراتیان لە فڕۆکەخانەوە تا کۆشک داناوە، چونکە وەزیری دەرەوەی ئیمارات ویستبووی بەیانی بێت و ئێواران بگەڕێتەوە. ئێمە ناڕەزایەتیمان دەربڕی".
ئیسباتی وتی، ئێران داوای وەرگرتنی هەزار چەکی کڵاشینکۆفی لە ڕووسیا کردبوو بۆ پاراستنی یەکێک لە هێڵە گرنگەکانی سوریا، بەڵام بە وتەی ناوبراو ڕووسیا ئامادە نەبووە ئەو کارە بکات. وتیشی "حکومەتی بەشار ئەسەد لە سێ مانگی ڕابردوو زۆرترین فشاری خستبووە سەر ئێرانییەکان".
بەهرۆز ئیسباتی ئاماژەی بەوە کرد، بەشار ئەسەد دەیگوت "من سەکۆی پشتیوانی ئێوەم و لەگەڵ ئیسرائیل ناچمە شەڕ"، وتیشی " ئێران لە سوریا دۆڕا، زۆر خراپ دۆڕا! شانازی ناکەم کە سوریامان لەدەستدا. نەخێر، لێماندرا. ئێمە دۆڕاین ئێمە بە خراپی دۆڕاین. زۆر قورس بوو بۆ ئێمە".
هاوکات لەبارەی ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وتی، ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ناو شەڕ لە بارودۆخی ئێستادا لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران و بریکارەکانیدا نییە.
کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 13 ساڵ بە ناردنی هێزەکانی بۆ سوریا پاڵپشتی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی کردبوو، هەروەها حیزبوڵای لوبنان و گروپە بە وەکالەتەکانی دیکەشی، لە نێویاندا "فاتمیون"ی ناردبووە ئەو وڵاتە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی ئەسەد لە سوریا، بەڵام بە ڕووخانی هێزەکانی بەشار و ڕۆشتنی بۆ مۆسکۆ، گرنگترین هاوپەیمانی خۆی لە ناوچەکەدا لەدەستدا.
ئەو بەرپرسە باڵایەی سوپای پاسدارانی ئێران دانی بە شکستی قورسی ئێران لە سووریادا نا، کەچی عەلی خامنەیی دەیەوێت گرووپی میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، بەهێزتر بکات.
خامنەیی کە دوو هەفتە لەمەوبەر بوونی هێزی بە وەکالەتی ئێرانی لە وڵاتانی ناوچەکە ڕەتکردبووەوە، ڕۆژی چوارشەممە، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، وتی: حەشدی شەعبی یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی دەسەڵاتە لە عێراقدا، کە پێویستە زیاتر لە ڕابردوو بەهێزبکرێن".
دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، چاودێران جەختیان لەوە کردەوە کە ڕووخانی ئەسەد "گورزێکی کوشندە" بوو لە کۆماری ئیسلامی ئێران.