هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوكاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 12 خەرج دەكرێت و دەشڵێت، لەئێستادا (٣٧ هەزار و ٧٣٠) پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەت لە ڕێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هـاوپەیمانان وەردەگرن.
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی چوار شەممە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 12 بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە وەزارەت و لیواکانی پیادە دابەشدەکرێت.
ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، ڕێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی ئەنجام داون، بۆ ئەم مەبەستە، سبەینێ هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی (٢٠٢٤/١٢)، دابەشدەکرێت.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لەئێستادا (٣٧٧٣٠) پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هـاوپەیمانان وەردەگرن، کە ئەمەش قۆناغێکی گرنگە کە وەزارەتی پێشمەرگە پێی گەیشتوە لە پڕۆژەی هەژماری من، لە هەمانکاتدا بەشێکی تری پێشمەرگە لەرێگای سیستەمی بانکیەوە هاوکاری وەردەگرن و لەکاتێکی نزیک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە سیستەم کردنی پڕۆژەی هەژماری من کۆتایی دێت.