هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، جەختمان لەسەر نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سووریامان تاوتوێ کرد.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەروەها جەختمان لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
دەشڵێت، لەبارەی دۆخی سووریاش، هاوڕابووین لەسەر پێویستی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.