هەرێم نیوز
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێی ڕاگەیاندووین مووچەی مانگی 12 دەنێرین و لەئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵە مووچە بنێرێت.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “سودانی وتی گرفتی مووچەی سێ مانگی کۆتایی دروستنابێت و 446 ملیاریان بۆ مووچەی مانگی 12 ناردووە، لەکۆی 3ترلیۆن کە بڕیاربوو بینێرن کەمتر لە 2 ترلیۆنیان ناردووە”.
ئەوەشی خستەڕوو: “داهاتی ناوخۆ ئەمساڵ نزیکەی 3ترلیۆن و 600 ملیاربووە و نزیکەی 2 ترلیۆنی ڕۆشتووە بۆ بودجەی بەکاربردن، 960 ملیارمان بۆ کورتهێنانی مووچە دابینکردووە”.
باسی لەوەشکرد: “یەک مووچەی ساڵی 2024 بۆ مووچە لەسەر ئەستۆی هەرێم بووە، مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ دەدرێت و بەدرێژایی ئەم کابینەیە بەدجەی پرۆژە و خزموتگوزاری لەسەر داهاتی ناوخۆ دراوە”.
دووپاتی کردەوە: “ئێستا نازانین حکومەتی فیدراڵ بەپێی چی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەکات، عێراق وتویەتی لەداهاتی ناوخۆی هەرێم هیچ نادیارییەک نەبووە، عێراق غەدر لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات نەک حکومەت”.
ڕوونیشیکردەوە: “ئەوەی لەسەرشانی هەرێم بووە لە نەوت جێبەجێمان کردووە، حکومەتی هەرێم هەموو شتێکی خستۆتە بەردەستی عێراق کە حەقی نییە ئەوەیان پێبدرێت بەپێی دەستوور و وەزیری دارایی عێراق پێی ڕاگەیاندووین مووچەی مانگی 12 دەنێرین لەئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مانگی 12 بنیرێت”.